لە بەغدا 'رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کراوە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێن، لە بەغدا رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کراوە؛ دەشڵێنو رەنگە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگا بە بەشداری هەردوولا کۆبێتەوە.
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی شەممە، 31-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن کۆبوونەوەیەکی سەرکردە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە نەینەوا لە شاری بەغدا کراوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
 
بێ بەشداریی فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
دوای ئەو گۆڕانکاریانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەساردووە. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی بەغدا رێککەوتن کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە. سبەی یان رۆژی دووشەممە نێوەڕۆکەکەی دەخرێتەبەردەم هەردوولا بۆ ئەوەی سەرنج و تێبینی خۆمان لەسەر بدەین".
 
شێخ ئەحمەد عەبد رەبە گوتیشی، "ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هەردوولا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات". 
 
یەکێتی کە دوو کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەرێوەبەری ناحیەی وانکێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ئەو گۆڕانکاریانە رەتدەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش گۆڕانکارییەکان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
 محەممەد جاسم کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی کە بەشێکە لە هاوپەیمانی نەینەوای سەربەخۆ هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی: "کۆبوونەوەکە لە بەغدا بە بەشداری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگای نەینەوا کراوە و رێککەوتوون".
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەن دەڵێت: "وردەکاریی رێککەوتنەکەمان بەدەستنەگەیشتووە. دووشەممە یان سێشەممە بەتەواوی یەکلایی دەبێتەوە و ئەنجوومەنیی پارێزگای نەینەوا بە بەشداری هەردوولا کۆدەبێتەوە". 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.