ئەو تۆمەتبارانەی باوکێک و دوو کوڕیان لە بێجی کوشت دەستگیرکران؛ 'یەکێکیان هاوەڵزاوای سەرۆک خێزانەکەیە'

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکەی قەزای بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکران. راوێژکارێکی پارێزگاری سەڵاحەدینیش بە رووداوی گوت، یەکێک لە بکوژەکان هاوەڵزاوای سەرۆک خێزانەکەیە.
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 28ـی ئابی 2024، لە گەڕەکی عەسری لە قەزای بێجی باکووری پارێزگای سەڵاحەدین، چەند چەکدارێک هێرشیان کردە سەر ماڵێک و بە دەستڕێژی گوللـە باوکێک و دوو کوڕیان کوشت. جەستەی هەر سێ کوژراوەکەشیان سوتاند. 
 
رۆژی شەممە، 31-08-2024، یاسین محەممەد عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بکوژانی خێزانەکەی بێجی دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون و دەرکەوتووە ناسیاون.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەشڵێت: "رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، کێشەیان لەسەر پارە، موڵک و ماڵ هەبووە".
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە هەوڵی هەواڵگری و بەدواداچوونی بەردەوام، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە سەرەداوی رووداوەکە و باندەکەیان دەستگیرکرد کە دوو کەسیان ناسیاوی خێزانەکەن.
 
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، پاڵنەری تاوانەکە دزینی خشڵ و زێڕی ماڵەکە بووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بکەران دانیان بە تەوانەکەیاندا ناوە و رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
 
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەڵاحەدین بۆ کاروباری ئەمنی بە رووداوی گوت، یەکێک لە ئەنجامدەرانی تاوانەکە هاوەڵزاوای سەفا حەمید شاکر، سەرۆکی خێزانەکەیە و ئەوی دیکەشیان ئامۆزای هاوژینەکەیەتی. 
 
عادل ئەحمەد عەلی، قایمقامی قەزای بێجیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هەوڵی فەرماندەیی پۆلیسی سەلاحەدین بکوژانی سەفا حەمید شاکر جەنابی و خێزانەکەی دەستگیرکران و دەرکەوتووە بۆ دزینی خشڵ و زێڕ ئەوە کارەیان کردووە.
 
قایمقامی قەزای بێجێ دەڵێت، هەردوو تاوانبار نشتەجێی گەڕەکی قادسیە و دیومی شاری تکریتن و لە نزیک قەزای بەلەد دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.