بەریتانیا قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
پیاوێک لەکاتی جگەرەکێشان
پیاوێک لەکاتی جگەرەکێشان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی دوو دەیەیە حکومەتی بەریتانیا  لەنێو رێستۆرانت و باڵەخانە گشتییە داخراوەکانی دیکە جگەرەکێشانی قەدەخە کردووە؛ ئێستاش حکومەت بیر لەوە دەکاتەوە جگەرەکێشان لە هەموو شوێنە گشتییەکان قەدەخە بکات.
 
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "دەمەوێت بیری هەمووان بهێنمەوە کە زیاتر لە 80 هەزار کەس ساڵانە بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیان لەدەستدەدەن. ئەو مردنە دەتوانرێت رێی لێبگیرێت. جگەرەکێشان بارگرانییە لەسەر کەرتی تەندروستی و بارگرانیشە بۆ ئەوانەی باج دەدەن."
 
قەدەخەکردنی جگەرەکێشان لەنێو باڵەخانە گشتییەکان ساڵانە یەک ملیار پاوەندی بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە، کە لەو نەخۆشییانەدا خەرج دەکرا کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە خەڵک تووشی ببوون.
 
بەگوێرەی ژمارەیەک توێژینەوە، ئەگەر قەدەخەی تەواوەتیی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکان جێبەجێ بکرێت، ساڵانە بڕی 2.5 ملیۆن پاوەند بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
 
دێبۆرە ئارنۆت، بەڕێوەبەری رێکخراوی ASH بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشان دەڵێت، "هێشتا جگەرەکێشان دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختە و هۆکارێکیشە کە خەڵکی دەوڵەمەند زیاتر لە کەسانی هەژار تەمەندرێژترن. هەرچەندە کاری زیاتر بۆ قەدەخەکردنی جگەرەکێشان بکەین، دۆخی تەندروستیی هەمووان باشتر دەبێت."
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا، لەو وڵاتە نزیکەی 7.9 ملیۆن کەس جگەرەکێشن و ساڵانەش بەو هۆیەوە 80 هەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە