گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە ئاسایی دەبنەوە
رووداو - بەغدا
بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، رۆژی 31-08-2024 لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدا گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو؛ بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە ئاسایی ببنەوە.
بەهۆی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، گەشتکردنی زیاتر لە پشکی دیاریکراوی خۆی و ناڕێکی لە پلانی وەزارەتی گواستنەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق گەشتەکانی راگرت و وەزیری گواستنەوەش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمیکاران پێکهێنا.
زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە نێوان دەسەڵاتی فڕۆکەوان و هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، پێویستە چاودێری هەبێت بۆ کاژێرەکانی فڕۆکەوانی و بۆ ستافی فڕۆکەوانی، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەزانێت کاژێرەکانی فڕۆکەوانییان دیاریکراوە، بۆیە پێویستە گەشتەکانی خۆی رێکبخات لەسەر بنەمای کاژێرەکانی فڕۆکەوانیی دیاریکراو بۆ ستافی فڕۆکەوانی."
پرسی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا، کێشە و سەرئێشەی لەنێوان گەشتیاران و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دروستکردووە. بەشێک لە گەشیاران لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە بۆ ماوەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانەی بەغدا مانەوە.
رامی جاسم، خاوەنی کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەڵێت، "دواخستنەکە زۆر کاریگەریی لەسەر گەشتیاران دەبێت، من ئێستا گەشتیارێکم هەیە قسەم لەگەڵ دەکات، لە بەیرووتە و گەشتەکەی کاژێر 12:30 نیوەڕۆی ئەمڕۆیە (شەممە) تائێستا لە فڕۆکەخانە دانیشتووە بۆردینگ و هەموو شتێکیان بۆ تەواو کردووە و چاوەڕێ دەکات، بەڵام فڕۆکە نییە. فڕۆکەیەکی دیکە هەیە و دەبێت کاژێر 05:00ی پاشنیوەڕۆ لە هەولێرەوە بگاتە بەغدا، بەڵام بە هەمان شێوە پێم دەڵێت دواخراوە. سەیری سیستەمم کرد، بۆ 12:30 دواخراوە. بە دڵنیاییەوە ئەمانە کێشە و بەربەست دروست دەکەن."
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە ساڵی 1945 دامەزراوە، کەچی رۆژی شەممە بەهۆی کەمتەرخەمی و ناڕێکیی خشتەی کارکردن، گەشتەکانی راگیرا؛ بڕیارە رۆژی یەکشەممە دەست بە گەشتەکانی بکاتەوە.
هەرچەندە کێشەی هێڵی ئاسمانی چارەسەر کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چارەسەریەکەی مەرجدارە، بەشێوەیەک کە ئەگەر بێتو ئەو تێبینییانەی لە ماوەی رابردوودا لەسەری هەبووە، کە بووە هۆکاری ئەوەی رۆژی 31ی ئاب گەشتەکانی رابگیرێت، لە رۆژانی داهاتوودا چارەسەر نەکرێت، جارێکە دیکە سزا دەدرێت.