وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: هێڵی ئاسمانیی عێراقییە خاوەنی 27 فڕۆکەی کارایە

31-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقییە 27 فڕۆکەی لەکاردایە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵیش ژمارەی فڕۆکە چاککراوەکانی دەگاتە 15 فڕۆکە.
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان. 
 
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە 39 فڕۆکەی هەیە. رۆژی چوارشەممەی رابردوو فڕۆکەیەکی لەکارکەوتوو چاککرایەوە و کەوتەوە خزمەتەوە؛ بەو شێوەیە ئێستا 27 فڕۆکەی هێڵەکە لەکاردان". 
 
مەیسەم سافی گوتی: "لە کۆی 24 فڕۆکەی لەکارکەتووە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 15 فڕۆکە چاک دەکرێنەوە و دەکەونەوە کار. ساڵی داهاتووش پێنج فڕۆکەی دیکە چاکدەکرێنەوە. تەنیا چوار فڕۆکە دەمێننەوە کە رەنگە چاککردنەوەیان زۆر سوودی نەبێ، بەم شێوەیە دۆسیەی فڕۆکە لەکارکەتووەکان تەواو دەبێت".
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق باس لەوە دەکات، لە دوو ساڵی رابردوودا 13 فڕۆکەی نوێیان کڕیوە، پێنج ئێیەرباسی مۆدیل 2022، دوو فڕۆکەی دریملاینەر، شەش فڕۆکەی ماکس؛ گوتیشی، چەند فڕۆکەیەکی دیکەش تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 وەردەگرن. 
 
مەیسەم سافی گوتی، ئێستا هێڵەکە 39 فڕۆکەی هەیە، بەڵام 27یان کاریان پێ دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە