وەزیرى موقتەدا سەدر بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی: لەمەودوا هیچ شتێک کۆمان ناکاتەوە


رووداو - هەولێر

ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا بۆ هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتیح کە بە "شێخى چوارچێوەى هاوئاهەنگى" ناوى بردووە، رایگەیاند، لەمەودوا "هیچ شتێک" لەگەڵ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆیان ناکاتەوە و دەشڵێت: "چۆن دەتەوێت لەگەڵ ئەو کەسەدا کۆببینەوە کە هۆکارى کوشتنى خۆپێشاندەران بووە".
 
رۆژی 31ى ئابى 2022، ساڵح محەممەد عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر پەیامێکى بڵاوکردەوە کە زیاتر ئاراستەى "شێخى چوارچێوەى هاوئاهەنگى" کردووە کە مەبەست لێى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتحە.
 
وەزیرەکەى سەدر نووسیویەتی: "ئەو کەسەى گومەزى ئیمامى عەلى لە نەجەف بۆردوومان کرد و پۆلیس و سوپاى لە رۆژانى راپەڕین کوشت، هۆکار بووە بۆ کوژرانى 1700 کەس لە سەربازگەى سپایکەر. بەگوێرەى تۆمارەى دەنگەییە دزەپێکراوەکان دەیەوێت هێرش بکاتە سەر نەجەف، ئایا شۆڕشگێڕانى چاکسازى ناکوژێت؟".
 
وەزیرەکەى سەدر رەتیدەکاتەوە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و دەنووسێت: "کەوابێت شێخى چوارچێوەى هاوئاهەنگى چۆن دەتەوێت خۆشەویستیى حوسێن کۆمان بکاتەوە".
 
رۆژی 31ى ئابى 2022، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە پەرلەمانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لەبەردەم یادى چلەى ئیمام حوسێندان و داوا لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان کرد، بێدەنگیی سیاسی و میدیایی رابگەیێنن.
 
محەممەد ساڵح عێراقى کە گوتەکانى بە پەیامى موقتەدا سەدر دەزانرێت، لە بەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا دەڵێت: "لەمەودوا هیچ شتێک کۆمان ناکاتەوە، بەڵام لەپێناو خۆشەویستیى نیشتمان، نامانەوێت ئاشتیى کۆمەڵایەتى و نیشتمان تێکبچێت".