عامرى بۆ سەرکردە سیاسییەکان: بێدەنگیى سیاسى رابگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح داواى لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان کرد بێدەنگى سیاسیى و میدیایی رابگەیێنن و دەڵێت، "واز لەو لێدوانانە بهێنن کە رق و کینە بڵاودەکاتەوە."
رۆژی سێشەممە 31ی ئابى 2022، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەبەردەم یادى چلەى ئیمام حوسێندان و داوای لە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان کرد، بێدەنگى سیاسی و میدیایی رابگەیێنن.
مەراسیمى زیارەتى چلەى ئیمام حوسێن، لە 17ى مانگى ئەیلوول دەبێت، زیارەتکارانی شیعە لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق بەشداریی ئەو یادە دەکەن.
هادى عامرى گوتى: "پشت ببەستن بە گوتارێکى میانڕەو، کۆکەرەوە دەبێت نەک پەرتکەر، لێکنزیککەرەوە دەبێت نەک جیاکەرەوە، واز لەو لێدوانانە بهێنن کە رق و کینە بڵاودەکاتەوە."
ئەو داواکارییەى سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح لەکاتێکدایە کە بەشێک لە بەرپرسانى هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى هەڵوێستیان بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکانى رەوتى سەدر وەرگرت و گرژى لێکەوتەوە، لە دوای ئەوەى لە 29ى ئابدا لایەنگرانى رەوتى سەدر خۆپێشاندانیان کرد و دوای نیوەڕۆی رۆژی 30ی ئاب، لەسەر داواکاریی سەدر کۆتاییان بە خۆپێشاندانەکە هێنا.