پاپا فرانسیس لەبارەی دۆخی عێراق: گفتوگۆ و برایەتی تاکە رێگەیە بۆ چارەسەری قەیرانەکان


رووداو دیجیتاڵ

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لەبارەی دۆخی عێراقەوە دەڵێت، بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو رووداوانەی بەغدا دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا گرژییان لێکەوتەوە. دەشڵێت، گفتوگۆ و برایەتی هەنگاوێکی پێویستە کە دەبێ هەمووان بیگرنەبەر.
 
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 31-08-2022 لەبارەی دۆخی عێراقەوە بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو رووداوانەی چەند رۆژی رابردووی بەغدا دەکات کە "گرژییان" لێکەوتەوە. دەشڵێت، گفتوگۆ و برایەتی هەنگاوێکی پێویستە کە دەبێ هەمووان بیگرنەبەر.
 
رۆژی دووشەممە، 29-8-2022 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند کە واز لە کاری سیاسی دەهێنێت، دوای ئەوەش لایەنگرانی بەلێشاو چوونە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و "لابردنی گەندەڵکارانیان" دەکرد. 
 
لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە خۆپێشاندەران چوونە سەر بەشێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز، پاشان لە کۆشکی حکومەت هێزێکی ئەمنی بە چەک و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەی بە خۆپێشاندەران کرد و رووبەڕووبوونەوە روویدا کە بەهۆیەوە 25 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 380 خۆپێشاندەریش برینداربوون.
 
پاپای ڤاتیکان لەبارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە بەهۆی کشانەوەی سەدر لە نێوان لایەنگرانی و هێزە ئەمنییەکاندا روویدا، باسی لەوەش کرد "گفتوگۆ و برایەتی" ئەو هەنگاوە پێویستەیە کە دەبێ هەمووان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گەیشتن بە ئامانج و چارەسەرکردنی قەیرانەکان بیگرنەبەر، دەشڵێت "با هەموومان نزا بۆ گەلی عێراق بکەین."
 
دوای 24 کاژێر لە بەردەوامیی خۆپێشاندان و گرژی و ئاڵۆزیی نێوان لایەنگرانی سەدر و هێزە ئەمنییەکان، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رۆژی سێشەممە 31-09-2022 لە نەجەف کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و مۆڵەتی یەک کاژێری دایە لایەنگرانی بۆ ئەوەی دەست لە خۆپێشاندان هەڵگرن و لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە "ئەگەر نا حاشاتان لێدەکەم".
 
دوای پەیامی رێبەرەکەیان، لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوز کشانەوە و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان کۆتایی پێهێنا، بەوەش دۆخی عێراق دوای ماوەیەک لە گرژیی و ئاڵۆزی، ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
 
پاپای ڤاتیکان رۆژی هەینی، 05-03-2021، بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتێکی چوار رۆژە لە ئیتاڵیاوە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و دواینیوەڕۆ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. 
 
رۆژی شەممە، 06-03-2021 پاپا فرانسیس سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شيعەکانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ پاپا فرانسیس سەردانی شاری ئوور، شاری شارستانیەت و مێژوو، شار و شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمی لە ناسریە کرد.
 
بەیانیی رۆژی یەکشەممە 07-03-2021 پاپا فرانسیس لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پیاوانی ئایینە جیاوازەکانی کوردستان پێشوازی لێکرا.
 
پاپا فرانسیس هەر لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، پاپا فرانسیس سوپاسی سه‌رۆک بارزانی كردووە‌ بۆ پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.
 
رۆژی دووشەممە 08-03-2021، پاپا فرانسیس کۆتایی بە گەشتە چوار رۆژییەکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێنا.