ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا: هەشت فەرماندەی داعش لە ئەبوغرێب دەستگیركران
رووداو ـ هەولێر
فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق سەنتەری راگەیاندن و ژمارەیەك بارەگای چەكدارانی داعشیان لە شارۆچكەی قائیم وێرانكردن. هاوكات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداش لە شارۆچكەی ئەبوغرێب هەشت فەرماندەی داعشی دەستگیركرد.
شانەی راگەیاندنی جەنگی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، بەپشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری ورد رۆژی چوارشەممە 31-8-2016 فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق جۆری (F16) لە ناوچەی رومانە لە شارۆچكەی قائیم، سەنتەری راگەیاندن و ژمارەیەك بارەگای چەكدارانی داعشیان وێرانكردن، سەرەڕای كوژرانی سەرجەم چەكدارانی نێو بارەگاكان.
هاوكات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداش لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لە ناوچەی عەرەب عەباس سەربە شارۆچكەی ئەبو غرێب لە رۆژئاوای بەغدا، هێزێكی سەربە فیرقەی 17هەڵیانكوتایە سەر حەشارگەیەكی چەكدارانی داعش و هەشت فەرماندەی سەربازی داعشیان دەستگیركرد.
لەبارەی ئەو هەشت فەرماندەیەی داعش، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا دەشڵێت "ئەو هەشت فەرماندەیە هەریەك لە؛ بەرپرسی لیژنەی لە سێدارەدانی سەربازی فەللـوجە، بەرپرسی جبەخانەكان، شوفێری والی ویلایەتی باشوور، فەرماندەی كەرتی حوێش لە سامەڕا، بەرپرسی ئاسایشی سەقڵاویە-یان تێدایە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا جەختیشیكردەوە "پرۆسەكە بەپشتبەستن بەزانیاری هەواڵگری ئەنجامدراوە".