رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ 600 کەس بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکراون. گوتەبێژی دەزگاکە دەڵێت، ژنان قوربانی یەکەمن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمموزی 2024، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەزگاکەیان لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 600 تۆمەتباری بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنی دەستگیرکردووە.
مانگی رابردوو دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەڵمەتێکی لەژێر ناوی "ئێمە لە پشتـتانین" دەستپێکرد. ئەرشەد حاکمی دەڵێت، "دوای ئەوەی سکاڵایەکی زۆر لەلایەن قوربانییانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە گەیشتە دەستمان، بڕیارمان دا ئەو هەڵمەتە دەستپێبکەین".
ئەرشەد حاکم دەڵێت، تیمەکانیان لە پڕۆسەی خوێندنی ساڵی رابردوودا سەردانی 100 قوتابخانەیان کرد و ئەفسەرانی ژنی دەزگاکەیان کۆڕ و سەمیناری تایبەت بە هۆشیارکردنەوەیان لە قوتابخانەکان پێشکێش کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "بەو پێیەی قوتابییان زۆرترین جار دەکرێنە ئامانج، بۆیە بڕیاریان داوە هەڵمەتەکە فراوانتر بکەن و 100 ئەفسەریان لە هەردوو رەگەز بۆ ئەو مەبەستە دیاریکردووە بۆئەوەی سەرجەم قوتابخانەکانی بەسەربکەنەوە و قوتابیان هۆشیار بکەنەوە."
بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، فریودان، هەڕەشە و ناوزڕاندن بە تاوانی بچووک دادەنرێن و سزاکەش بەندکردن بۆ 3 مانگ تاوەکو 5 ساڵ یانیش پێبژاردن دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ