ناسنامەی کوژراوانى بۆردوومانەکەى بابل بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گرووپەکانى سەر بە حەشدی شەعبی وێنەى ئەو چوار چەکدارەیان بڵاوکردەوە کە لە بۆردوومانەکەى بابل کوژران، کە هەموویان سەر بە لیواى 47ى دەستەى حەشدی شەعبی بوون.
فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبی رایگەیاند، "بەهۆى هێرشەکەوە چوار چەکداریان کوژران بە ناوەکانى ئەحمەد نەجم ئەبوزەهرە ناوسراو بە ئەبوحەسەن مالیکى، حوسێن کەریم دەڕاجى، حەیدەر حەسەن سەعدی و عەلی سادق مووسەوى."
ئەو چەکدارانە سەر بە لیواى 47ى حەشدی شەعبی بوون، کە بەشێکە لە پێکهاتەى کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراق و ئەبو حوسێن حەمداوى سەرۆکایەتیى دەکات.
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراق رایگەیاند، بە درۆنى ئەمریکی کە لە بنکەیەکى کوێتەوە فڕیوە، چەند شارەزایەکى درۆنى چاودێریى ئەو گرووپە کراونەتە ئامانج.
بڕیارە کاژێر 4:00ى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 31ى تەممووز، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنى ئەو چوار چەکدارە لە شەقامى فەلەستین لە بەغداى پایتەخت بەڕێوەبچێت، بەرلەوەى ببرێنە گۆڕستانى وادى سەلام لە نەجەف و لەوێ بەخاک بسپێردرێن.
رۆژی 31ى تەممووزی 2024 دەستەى حەشدی شەعبی رایگەیاند، کاژێر 21.30ى خولەکى شەوى 30ى تەممووزى 2024 هێرش کراوەتە سەر دوو یەکەى هێزێکى سەر بە لیواى 47ى سەر بەو دەستەیە لە باکووری شارى بابل و بەهۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەن.