رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراق رایگەیاند، بە درۆنى ئەمریکی کە لە بنکەیەکى کوەیتەوە فڕیوە، چەند شارەزایەکى درۆنى چاودێریى ئەو گرووپە کراوەتە ئامانج و دەڵێت، "بە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانى موقاوەمە بڕیارى پێویست دەدەین."
31ى تەممووز، کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراق لە راگەیێندراوێکدا هێزەکانى ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان لە پارێزگاى بابل.
ئەو گرووپە رایگەیاند، هێرشەکە بە درۆن کراوە کە لە بنکەى سەربازیى عەلى سالم لە کوەیتەوە فڕیوە. هۆشداریش دەداتە کوەیت لەبارەى ئەوەى بە "بەردەوامى بەکارهێنانى خاکەکەى بۆ هێرشکردنی ئەمریکا بۆ سەر عێراق."
شەوى رابردوو هێرش کرایە سەر دوو یەکەى لیواى 47ى حەشدی شەعبی لە بابل و بەهۆیەوە چوار چەکدارى ئەو گرووپە کوژران.
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى یەکێک لە پێکهێنەرانى ئەو گرووپەیە کە خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن و نزیکن لە ئێران. ئاماژەى بەوە داوە، هێرشەکە چەند شارەزایەکى درۆنى کردووەتە ئامانج کاتێک سەرقاڵى ئەزموونکردنى تەکنەلۆژیاى نوێی درۆنى چاودێری بوون، بۆ بەرزکرنەوەى ئاستیان لە چاودێریکردنى سنوورى کەربەلا و رێگە دەرەکییەکانى لەپێناو بەشداریکردن لە پاڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە پاراستنى زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن.
بەپێى راگەیێندراوێکى دەستەى حەشدی شەعبی، هێرشەکە لە ناوچەى سەعیدات بووە لە باکوورى بابل و ئەو هێزەى حەشدی شەعبی کە کراوەتە ئامانج سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانى جەزیرەى حەشدى شەعبى بووە.
کەتائیبی حیزبوڵڵاى عێراقى داواى لە حکومەتى عێراقى کردووە، کارى جیدى بکات بۆ کۆتاییهێنان بە بوونى هێزەکانى ئەمریکا و دەڵێت، "بە راوێژ لەگەڵ برایانمان لە هاوئاهەنگى موقاوەمەى عێراقى، بڕیارى پێویست لەو بارەیەوە دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ