رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووتی پایتەختی لوبنان و بە پێچەوانەشەوە رەتدەکاتەوە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراقەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی لوبنان هەڵنەوەشاوەتەوە و بەردەوامە و هیچیشیان رانەگیراون."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "هەفتانە لە نێوان 22 بۆ 24 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، بەسرا، نەجەفەوە بۆ فڕۆکەخانەی بەیرووت و بە پێچەوانەوە هەیە."
بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گەشتەکان هەفتانە بەمشێوەیەن:
- فڕۆکەخانەی بەغدا: 13 گەشت
- فڕۆکەخانەی هەولێر: 2 گەشت
- فڕۆکەخانەی سلێمانی: 2 گەشت
- فڕۆکەخانەی بەسرە: 2 گەشت
- فڕۆکەخانەی نەجەف: 3 گەشت
بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا و بەشێک لە ناوچەکانی لوبنان و هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک وڵات داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە سەردانی لوبنان نەکەن و ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی گەشتەکانیان بۆ بەیرووت هەڵوەشاندووەتەوە.
لە ئۆکتۆبەری پارەوە گرژی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون، کە زیاتر لە 350ـیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، کە 18 سەرباز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ