ئەو چوار چەکدارەی حیزبوڵڵا کە لە بابل کرانە ئامانج، بە خاک سپێردران

رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی حەشدی شەعبی بە شیوەن و لەخۆدان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی چوار کوژراوی حیزبوڵڵا بەشداربوون کە لەلایەن ئەمریکاوە لە باکووری پارێزگای بابل بە درۆن کرانە ئامانج.
 
حیزبوڵڵای عێراقی دەڵێت، ئەو کەسانە چەند شارەزایەکى درۆنیی هێزەکانیان بوون، بە درۆنی ئەمریکی کە لە بنکەیەکی کوەیتەوە چوبوو، کراونەتە ئامانج، لە کاتێکدا سەرقاڵى ئەزموونکردنى تەکنەلۆژیاى نوێی درۆنى چاودێری بوون.
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی گوت، شەوی رابردوو هێزەکانیان هێرشێکی ئاسمانیی بەرگرییان کردووەتە سەر پارێزگای بابل و چەند چەکدارێکیان بە ئامانج گرتووە، کە هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان.
 
سەید یوسف عەزاری، بەرپرسی بیروباوەڕی ئایینی لە حەشدی شەعبی دەڵێت، "ئێمە ئەمڕۆ شانازی بەم خۆشەویستانەمانەوە دەکەین کە گیانی خۆیان سپارد و گەیشتن بە شەهیدانی دیکە، لە رۆژانێکی پیرۆزدا کە رۆژی سەیدی شەهیدانە سەلامی خودای لەسەر بێت. بۆیە دەڵێین، 'ئێمە هەموومان لەگەڵتاندا دەبین تاوەکو ئەو کاتەی سەرکەوتنی گەورە و یەکجارەکی بەدەست دەهێنین.' داوا لە خوای گەورە دەکەین بمانگەیێنێت بە شەهیدانمان."  
 
کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و ژمارەیەک سەرکردە و چەکداری گرووپەکانی سەر بەرەی مقاوەمە و حەشدی شەعبی کاردانەوەی تووندی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوان تووڕەن و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن. 
 
حەسەن گەرعاوی، کەسوکاری یەکێک لە کوژراوەکانە و دەڵێت، "خوێنی ئەم شەهیدانە دەبێت ببێتە بیانوویەک بۆ حکومەتی عێراق و سەرۆکی حکومەت و هەموو ئەوانەی لە بەرەی مقاوەمەن، بۆیە داوا دەکەین هەمووان پێکەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەران هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت."
 
شێخ عەبدولزەهرە مەسعەد، کەسوکاری کوژراوان و لایەنگری حەشدە، دەڵێت، "ئەم گەنجانەی عێراق زۆر لەو ملیاران دینارە پیرۆزترن کە لەبەرئەوەی دەستیان دەکەوێت بێ دەنگیتان هەڵبژاردووە و بەم شێوەیە شەهید دەکرێن، داوا لە دەوڵەتی عێراق دەکەین دەست بەجێ ئەمریکا لە عێراق دەربکات." 
 
کەتائیبی حیزبوڵڵا داوا لە حکومەتى عێراق دەکات کارى جیدى بکەن بۆ کۆتاییهێنان و دەرکردنی هێزەکانى ئەمریکا لە خاکی عێراق. دەشڵێن، بە راوێژ لەگەڵ مقاوەمەى ئیسلامی عێراقى، بە زووترین کات بڕیارى پێویست دەدەن و وەڵامیان دەبێت.
 
لەدوای کوژرانی ئەبو باقر ساعدی، بەرپرسی درۆن و هێزی ئاسمانیی حیزبوڵڵا لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمە گەورەترین هێرشە کە بە گوتەی حیزبوڵڵا، ئەمریکییەکان لەنێو خاکی عێراقەوە ئەنجامیان دابێت، هەرچەند ماوەیەکی درێژە هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا وەستاون، بەڵام دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، چاوەڕوانکراوە.