رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات ئەرک و بەرپرسیاریێتیی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی ببینێت و کوشتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیش بە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی ناکۆکی و قەیرانەکان ناودەبات.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کوشتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران رایگەیاند "لە رەفتارێکی تاوانکارانەی دیکەدا، قەوارەی زایۆنی دوژمنکارییەکی دیکەی کرد بە کردنە ئامانجی تارانی پایتەختی ئێران و بووە هۆی شەهیدکردنی بەڕێز ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی عێراقدا هاتووە "قەوارەی زایۆنی لە هێرشکردنە سەر سەروەریی وڵاتان و سووکایەتیکردن بە یاساکانی نێودەوڵەتی تێیپەڕاندووە، ئەوەش لەرێگەی چەندین تاوانی تیرۆر و کردنە ئامانجی کەسایەتیی سیاسیی و هەوڵدان بۆ گەورەکردنی قەیران و فراوانکردنی ناکۆکییەکانەوە کە بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی مەترسیداری لە ناوچەکە دەبێت."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات حکومەتی عێراق پێشتر هۆشداریی لەو "رەفتارە دوژمنکارانە"یەی ئیسرائیل داوە و دەڵێت: "لە زیاتر لە بۆنەیەکدا داوای هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی تووندمان لەلایەن دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستەکانی نێونەتەوەیی کردووە، جگە لە وڵاتانی گەورە، بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکانی زایۆنی کە یاری بە سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایشی گەلانی دەکات، هۆکارەکانی شڵەژانیش بڵاودەکاتەوە."
باسم عەوادی دەشڵێت، ئیسرائیل "شەڕی قڕکردنی لە دژی گەلی فەلەستینی خۆڕاگر بەرپاکردووە و سەرجەم پێوەرە ئەخلاقی و مرۆییەکانی تێپەڕاندووە."
حکومەتی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیاریێتی و ئەرکەکانی خۆی بۆ "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی" جێبەجێ بکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا، بەپێی بەرپرسانی حەماس مووشەکێک لە دەرەوەی ئێران ئاراستەی شوێنی مانەوەی هەنییە کراوە، کە دوێنێ (سێشەممە) بەشداریی لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ