نیو ملیۆن دۆلار لە فڕۆکەخانەى بەغدا دیار نەماوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى دارایی عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە راکێشانى 500 هەزار دۆلار لە لقى بانکى رافیدەین لەنێو فڕۆکەخانەى بەغدا پێکدەهێنێت. ئەو پارەیە نەدراوەتە گەشتیاران، لەکاتێکدا تەنیا بۆ گەشتکردن تەرخانکراو بوو. ئەندامێکى لیژنەى دەستپاکیی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکدەهێنین و لایەنى بەرپرس بانگهێشت دەکەین".
 
بەگوێرەى نووسراوێکى وەزارەتى دارایی عێراق، لە 17ـی نیسانى 2023 لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە تایبەت بە راکێشانى 500 هەزار دۆلار لە لقى بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەى بەغدا و، دەرکەوتووە کە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى ئەو لقەى بانکەکە و ئەندامانى خێزانەکانیان دۆلاریان راکێشاوە بێ ئەوەى گەشت بکەن و هەندێکى دیکەیان دۆلاریان راکێشاوە بێ ئەوەى بەڵگەنامە هەبێت بیسەلمێنێت لەبرى ئەوە دیناریان داناوە؛ هەندێکى دیکەش لەبرى بەکارهێنانی پاسپۆرت، بە کارتى نیشتیمانى دۆلاریان راکێشاوە.
 
نووسراوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق دیارنەمانی ئەو پارەیەى بە "دزی" و بە "بەقاچاخبردن"ـی دۆلار هەژمار کردووە.
 
خالید رێکانى، ئەندامى لیژنەى دەستپاکى پەرلەمان عێراق رۆژی دووشەممە 31-7-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەکەیان لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبێتەوە و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت بۆ زانینى وردەکاریى ئەو رووداوە.
 
خالید رێکانى گوتیشى، "بەرپرسانى بانکى ناوەندیی عێراق و بەرپرسانى دیکەى پەیوەندار بەو پرسە، بانگهێشتى لیژنەى دەستپاکى دەکەین بە مەبەستى لێکۆڵینەوە لە راکێشانى ئەو پارەیە."
 
هەر گەشتیارێکى عێراقى بۆ دەرەوەى عێراق گەشت بکات، دەتوانێت بڕى سێ هەزار دۆلار لە بانکى ناوەندیى عێراق بکڕێت بە نرخى فەرمى کە 1310 دینارە بەرامبەر بە دۆلارێک بۆ ئەوەى لە گەشتەکەیدا خەرجى بکات، لە کاتێکدا بەهاى 100 دۆلار لە بازاڕى نێوخۆییدا نزیکەى 150 هەزار دینارە.
 
گەشتیاران دەتوانن لە لقەکانى بانکى رافیدەین لە فڕۆکەخانەکان ئەو پارەیە رابکێشن بەو مەرجەى بەڵگەنامەى فەرمیی وەک پاسپۆرت و تیکتى فڕۆکە پێشکێش بکەن کە بیسەلمێنێت گەشت بۆ دەرەوەى وڵات دەکەن.