ئەبو ئالا وەلائی: ئیسرائیل شۆک دەکەین

31-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی هێرشەکانیانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و گوتی، ئەو چەکانەی لەو قۆناخەدا بەکاریدەهێنن "ئیسرائیل شۆک دەکات."
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق، لە خولی 33یەمی کۆنفڕانسی نەتەوەیی عەرەبی، کە ئەمڕۆ هەینی 31ی ئایاری 2024 لە بەیرووت بە ناونیشانی"تۆفانی ئەقسا" دەستی بە کارەکانی کرد، لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشدایی کۆنگرەکەی کرد و رایگەیاند، "قۆناخی سێیەمی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەمنزیکانە دەستپێدەکات و دووژمن بە جۆری ئەو چەکانەی بەکاریان دەهێنێت تووشی شۆک دەکات."
 
کۆنفرانسەکە لە بەیرووت و بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتیی بەناو "بەرەی مقاوەمە" لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، بەحرێن و یەمەن و فەلەستین و وڵاتانی دیکە، بەڕێوەدەچێت.
 
ئەبو ئالا وەلائی گوتی، "شەڕی تۆفانی ئەقسا کۆمەڵێک راستیی دەرخست دووژمنی تووشی شۆک کرد، تووشی سەرسوڕمانی کرد دوای ئەوەی هەموو لێکدانەوەکانی لێ تێکدا، یەکێک لەو راستییانە چەمکی یەکێتیی گۆڕەپانەکان بوو کە دووژمنی زایۆنیستی دەیگوت تەنیا دروشمە و هەڵگرانی ناوێرن جێبەجێی بکەن."
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق، یەکێکە لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی، پێشتر چەندین جار هەڕەشە و هێرشیان بۆ سەر ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، دوای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، لەژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بە مووشەک و درۆن دەگرنە ئەستۆ.
 
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق گوتی، "کارە پاڵەوانەکانی بەرەی پشتیوانی لە عێراق و لە یەمەن و لوبنان بووەتە دێوەزمەی دووژمنان و خەوی زڕاندوون، چی لە رێگەی گەمارۆدانەوە بێت لەسەر هاتووچۆی دەریاوانی بۆ بەندەرەکانی دووژمن، یان لە رێگەی کەمکردنەوەی توانا سەربازی و لۆجیستی و میدیاییەکانی دووژمن بێت لە زیاتر لە یەک بەرە."
 
باسی ئەو هەڕەشانەشی کرد کە ئیسرائیل لە رێگەی وڵات و بەرپرسی دیکەوە لە حکومەتی عێراق و ئێرانی کردووە و دەڵێت، "ئەوەی جۆری کارەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق جیادەکاتەوە، بەردەوامییانە؛ سەرباری دۆخە سیاسییەکە و دووریی جوگرافی، ئەوەش وای لە قەوارەی داگیرکار کردووە لە رێگەی لایەنی دیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەڕەشەیان بۆ بنێرێت."
 
رۆژی 26-04-2024، گرووپی مقاوەی ئیسلامی لە عێراق کە ژمارەیەک گرووپی چەکدار و میلیشیای شیعە لەخۆدەگرێت بەبۆنەی 200 رۆژی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل ئامارەکانی هێرشەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەو ماوەیەدا  243 کردەوەیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە، زۆربەی ئامانجەکانیشیان لە عێراق بووە.
 
لەو ماوەیەدا بەپێی ئەو گرووپە 90 هێرشیان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، 88 هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە،  65 ئامانجیشیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان پێکاوە.
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. 
 
دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق

ژن و پیاوێکى بیانى لە عێراق بە لەسێدارەدان و بەندکردنى تاهەتایی سزا دەدرێن

ژنێکى بیانى لەلایەن دادگەیەکى عێراقەوە بە تۆمەتى بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر بە لەسێدارەدان سزا درا و پیاوێکى بیانیش بەهەمان تۆمەت سزاى بەندکردنى تاهەتایی درا.