لە بەغدا فەرمانبەرێکی باج لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیردەکرێت

31-05-2024
هێمن بابان رەحیم
ساتی وەرگرتنی بەرتیلەکە.
ساتی وەرگرتنی بەرتیلەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، فەرمانبەرێکی دەستەی گشتیی باجەکانی لە بەغدا لە بۆسەیەکدا لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکراوە.
 
دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "بەرپرسی رێکخستنی تۆمارە سەرەکییەکانی دەستەی گشتیی باجەکان لە لقی کەرخی بەغدا لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکرا."
 
بەپێی دەستەکە، دەستگیرکردنی فەرمانبەرەکە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بووە، کە گوتوویەتی لەلایەن هەندێک لە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوەیەوە بۆ پێدانی بەرتیل هەراسان دەکرێن.
 
دوای ئەوە بۆسەیەک بۆ یەکێک لەو فەرمانبەرانە دادەنرێت و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکراوەتەوە ئەو فەرمانبەرە لەلایەن کەسێکەوە پارەی بۆ دەخرێتە نێو فایلی مامەڵەکەیەوە، ئەویش دوای کردنەوەی دۆسیەکە پارەکە هەڵدەگرێت و دەیخاتە جانتاکەیەوە. 
 
13ـی ئەم مانگە دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەنجامی راپرسییەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لەبارەی بەرتیل وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە عێراق بڵاوکردەوە.
 
بەپێی راپرسییەکە 63٪ـی ئەو کەسانەی چوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانووبەرە و دەستەکە بۆچوونیان وەرگیراوە، دەڵێن خاویی راییکردنی مامەڵەکان هۆکاری سەرەکیی پەنابردنیانە بۆ بەرتیلدان. 42٪یش راستەخۆ بەرتیلیان داوەتە ئەوانەی کارەکانیان بۆ کردوون.
 
لە بەغدا بەرتیلدان 27.7٪ بووە، بەڕێوەبەرایەتی دووەمی کەرخ، بە 40.4٪ زۆرترین بەرتیلی لێدراوە، خانووبەرەی ئەعزەمییە بە 31.8٪ دووەم و کازمیە بە 31.7٪ سێیەم بووە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی شەعب، دووەمی کازمییە، یەکەمی رەسافە ئەم رێژانەیان بە دوای یەکەوە هەبووە: 18.4٪، 19.2٪ و 23٪.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت