حەلبووسی: ناگەڕێمەوە بۆ پەرلەمان

 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم رایگەیاند لەم خولەی ئێستا ناگەڕێتەوە بۆ کاری پەرلەمانی، دەشڵێت سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی پابەندنەبوون بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دادەنرێت.
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە نزیکەی شەش مانگە  بەبڕیارێکی دادگەی فیدراڵی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی رەتکردنەوەی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی لەلایەن دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵیی کە بۆ یەکەمجارە دەکرێت، راگەیاند و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک هەوڵی گەڕانەوە بۆ کاری پەرلەمانی لەم خولەی ئێستا نادەم."
 
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هەموو ئەوانەی بەرگری لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی سەر دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، دەبێت بەشێوەیەک دڵنیاببنەوە کە گومان هەڵناگرێت، زۆر لە رێڕەوە هەڵەکان کە دەوڵەت و دامەزراوەکانی لاواز دەکات، لەگەڵ پابەندنەبوون بە پڕنسیپی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان، بەهەوڵی چاکەکاران و ئەوانەی رژدن لەسەر پاریزگاری لە وڵات، سنوورێکیان بۆ دادەنرێت."
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە، دواتر هەندێک لایەنە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەشیاندا کە زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی عێراق هەیە.
 
رۆژی 30-11-2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە دراونەتەپاڵی، بەتایبەت ئەوەی گوایە لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی کردووە کە نزیکە لە ئیسرائیل. ئەوەش بەپێی یاسای قەدەخەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل قەدەخەکراوە. حەلبووسی گوتی: "رایدەگەیێنم، عێراق جێناهێڵم، هەر لە عێراق دەمێنمەوە و هەر کاتێک دادگە بانگهێشتم بکات، دەچم و ئامادەی دادگەییکردن دەبم."
 
لە بڕیارێکی بێ پێشینەدا، 29ـی ئەم مانگە دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی رەتکردەوە و بە"نەبوو" هەژماری کرد، بە پاساوی ئەوەی دژی پڕەنسیپی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان و دەستووری عێراق دەقی یاسای هەموارکردووەتەوە، کە بەپێی دادگەی پێداچوونەوە لە دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی نییە.
 
بەپێی مادەی 94ـی دەستووری عێراق، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاییکەرەوەن و دەبێت هەمووان پێوەی پابەندبن. بەڵام دادگەی پێداچوونەوە کە یەکەمجارە روودەدات بڕیاری دادگەی فیدراڵی رەتبکاتەوە، گومانی لەسەر ئەو مادە دەستوورییەش دروستکرد.
 
بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە دوای تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دادوەرێک لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هات و پەیوەستە بە داڕشتنەوەی دەقی یاسایی لەلایەن دادگەی فیدڕاڵییەوە و دادگەی پێداچوونەوە ئەوەی بە پێشێلکردنی پڕنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان داناوە، بۆیە دوێنێ پێنجشەممە، 30ـی ئایاری 2024، دوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی دادگەی پێداچوونەوە، لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی زۆر کەس ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی دژ بە محەممەد حەلبووسی نادروستە و هەڵدەوەشێتەوە.