دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بۆ یەکەمجار دادگەیەکی عێراق بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە و خۆی بە بەرزترین دەستەی دادوەریی لە عێراق ناودەهێنێت، پارێزەرێکیش بڕیارەکە بە بێ پێشینە ناودەبات: "کێشە دروست دەکات."
 
لە بڕیارێکی بێ پێشینەدا، دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی کە بەشێکە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە و دەڵێت وەکو نەبوو وایە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە دادگەی فیدراڵی دژی پڕەنسیپی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکان و دەستووری عێراق دەقی یاسای هەموارکردووەتەوە کە بەپێی دادگەی پێداچوونەوە لە دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی نییە.
 
بڕیارەکەی دەستەی گشتیی دادگەی پێداچوونەوە رۆژی 29ـی ئایاری 2024، دوای تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دادوەر عەلی بونیان کحێت، دادوەری لێکۆڵینەوەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین دەریکردووە کە ناوبراو لەبارەی رەتکردنەوەی داواکارییەکی بۆ خانەنشینبوون لە دژی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سکاڵای کردووە.
 
دادگەی پێداچوونەوە دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دادگەکە و سێ جێگرەکەی و 15 دادوەری دادگەکە بڕیاری داوە کە :"دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی بەرزترین دەستەی دادوەرییە لە عێراق بە پشتبەستن بە مادەی 12ـی یاسای رێکخستنی دادوەریی کە دەتوانێت دژی هەر بڕیارێک لە هەر دادگەیەکەوە دەربچێت و لەنێویاندا دادگەی فیدراڵی، بوەستێتەوە و بە نەبوو هەژماری بکات، ئەگەر بڕیارەکە پەیوەست بوو بە بابەتی یاساوە."
 
دادگەکە ئەوەی روونکردووەتەوە کە دادگەی فیدراڵی لە بڕیارەکەی 102/فیدراڵیی 2024 لە 15ـی نیسانی 2024، لەبارەی دۆسیەی خانەنەشینکردنی ئەو دادوەرە دەریکردووە دەقێکی یاسایی بەرکاری هەموارکردووەتەوە و ئەو کارەش لە دەرەوەی تایبەتمەندییەکانی دادگەی فیدراڵییە و ئەو جۆرە دەسەڵاتەی نییە، بۆیە بڕیارەکەی بە نەبوو هەژمار دەکرێت.
 
هەروەها رایگەیاندووە: "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی پێچەوانەی مادەی 47ـی دەستووری عێراقە و دژی ناوەڕۆکی پڕنسیپی جیاکردنەوەی نێوان دەسەڵاتەکە و پێشێلکردنیەتی، چونکە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت کاری دەسەڵاتێکی دیکە بکات."
 
هەرچەندە بەشێک لە شارەزایانی یاسایی پێیانوایە رەتکردنەوەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی تەنیا بۆ ئەو بڕیارەیە کە پەیوەستە بە دۆسیەی خانەنشینیی ئەو دادوەرەی سکاڵاکەی کردووە، بەڵام محەممەد مەجید ساعیدی، شارەزای یاسا بە رووداوی گوت: "بڕیارێکی تاڕادەیەک سەیر و بێ پێشینەیە، چونکە بڕیاری دادگەی فیدراڵی رەتدەکاتەوە، ئەمەش کێشە دروست دەکات، چونکە ئەو دادگەیە پاساوی خۆی هەیە، بەڵام مادەی 94ـی دەستووری عێراقیش دەڵێت بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی یەکلاییکەرەوەن و بۆ هەمووان پێوە پابەندبووە."
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق لە 12 دادوەر پێکدێت، سێیان ئەندامی یەدەگن، لە مادە 93ـی دەستووری عێراق هەشت دەسەڵاتی بۆ دیاریکراوە، لەنێویاندا چاودێرکردنی دەستووریبوونی یاسا و رێسا بەرکارەکان، شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور، بڕیاردان لەو ناکۆکییانەی لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێیەکان سەرهەڵدەدەن.
 
دادگەکە ماوەی سێ ساڵ دەبێت کارابووە، لە دوای دوورخستنەوەی هۆشیار زێباری، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە شوباتی 2022 زیاتر دەرکەوت، دواتر چەندین بڕیاری لە پرسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکۆمار و بڕیارەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و نەوت و بودجە و چەند پرسێکی دیکەی وەکو دوورخستنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد، کە بەشێکی زۆریان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نیگەرانیی لێکەوتەوە.