رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، چاوەکان لەسەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. گوتەبێژی ئەو کۆمیسیۆنە دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستیان بە شەش مانگ کات و 70 ملیار دینارە.
یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "سەرۆکایەتیی ھەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات بە نووسراوی فەرمی کە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەسپێردرێت بە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی فیدراڵی بۆ چاودێری و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان."
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، بە مەرجێک شەش مانگ لەدوای ئەوەی داوایان لێدەکرێت و رادەسپێردێن، هەروەها بۆ ئامادەکاری 70 ملیار دیناریشیان لەبەردەستبێت.
عیماد جەمیل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کۆمیسیۆنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەو پارەیەی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێویستمان بوو چواریەکی ئەو پارەیەمان پێویستە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە دەکاتە نزیکەی 70 ملیار دینار، ئەمانە ھەمووی دەمێنێتەوە بۆ ئەو لیژنەیەی کە پێکدەھێنرێت بۆ ئیدارەدانی ھەڵبژاردن کە چیمان پێویستە لە ئامێر و کارمەندان و پێداویستییەکان، ئەو داتایانەی لە ھەرێم ھەن داتای زۆر باشن لە ساڵی 2005ـەوە کاری لەسەر کراوە و بەرەوپێشچووە بەھۆی بایۆمەترییەوە."
بەگوتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەگەر ئەوانیش هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، هەر پێویستیان بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ بەکارهێنانی ئامار و زانیارییەکانی بەردەستیان بۆ ئاسان بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ