رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ساڵانە 13 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵیی هەناردە دەکەن، تەنیا هاوین و زستانی رابردوو، 950 تۆن سەوزە و میوەیان هەناردە کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی ئەو بەرهەمانە هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت و بووە بە بازاڕێکی باش بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان."
محەممەد خوزاعی دەڵێت، دیارترین ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی هەناردەی دەکرێن بریتین لە پەتاتە، خورما، تەماتە، خەیار، کاڵەک و شووتی.
لەبارەی بڕی هەناردەی ساڵانە، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق گوتی، "لە هەردوو وەرزی هاوین و زستانی رابردوو، 950 تۆن لە بەرهەمی سەوزە و میوەمان هەناردە کردووە، لەگەڵ هەناردەکردنی زیاتر لە 730 تۆن خورما."
عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندین جۆر میوە و سەوزەی زستانە و هاوینە بەرهەم دەهێنن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ساڵانە نزیکەی 12 ملیۆن دۆنم زەوی دەکرێتە کشتوکاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ