سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: وادەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی درێژناکرێتەوە

31-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت و وادەکەی درێژناکرێتەوە، دەشڵێت، "جگە لە پاراستنی ئاسایشی نێوخۆ، هێزەکانمان توانیویانە سنوورەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەباشی بپارێزن."
 
ئەمڕۆ (دووشەممە، 31ـی ئادار) لیوا سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بارودۆخی ئەمنی لە عێراق بەراورد بە ساڵی 2014 زۆر گۆڕاوە، ئێستا هێزە ئەمنییەکانمان توانایان زۆر باشتر و بەهێزترە، دەتوانین پشت بە هێزەکانی خۆمان ببەستین بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی وڵات."
 
لیوا سەعد مەعن گوتی، "بەدڵنیاییەوە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، قۆناخی یەکەمی ئەم ساڵ و قۆناخی دووەمی لە 2026ـدا کۆتایی پێدێت و، وادەکەی درێژناکرێتەوە."
 
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیێتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراقدان.
 
رۆژی 5-1-2020، دوو رۆژ دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە مووشەکی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئامادەبوونی کورد و سوننە، بە دەنگی تەنیا 168 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق دا.
 
رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بە دوو قۆناخ دەبێت، یەکێکیان ئەمساڵ 2024 دەستپێدەکات و، تاوەکو ساڵی 2025 بەردەوام دەبێت، قۆناخی دووەمیش ساڵی 2026 کۆتایی پێدێت.
 
سەعد مەعن: 136 سەربازی سووریا لە عێراق ماون
 
لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخا، هەمان رۆژ کۆمەڵێک سەربازی سوپای سووریا لە سنوورەکانەوە هاتنە نێو خاکی عێراق.
 
عێراق 618 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا  هەیە.
 
لیوا سەعد مەعن لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو سەربازانە ژمارەیان دوو هەزار و 136 سەرباز بوو، کە هەزار و 900 سەربازیان ئارەزوومەندانە گەڕانەوە سووریا و 136ـیان ماونەتەوە و هێشتا بڕیاری گەڕانەوەیان نەداوە."
 
لەبارەی دۆخی سنوورەکانیشەوە، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی دڵنیایی دەدات، "جگە لە پاراستنی ئاسایشی نێوخۆ، هێزەکانمان توانیویانە سنوورەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەباشی بپارێزن و هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نییە، توانیویشمانە قاچاخچیێتی لە سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی بنبڕ بکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە