گوتەبێژی حکومەتی عێراق: بودجەی ساڵی 2024 نزیکەی 196 تریلیۆن دینار دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەم ساڵ نزیکەی 196 تریلیۆن دینار دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخان دەکرێت 69 تریلیۆن دینار دەبێت.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی لەبارەی چەند بابەتێک قسەی کرد، دیارترینیان رەشنووسی بودجەی ساڵی 2024 بوو و رایگەیاند، "لە دوو هەفتەی داهاتوودا خشتەی بودجە ئامادە دەبێت و پێشبینی دەکەین بگاتە 196 تریلیۆن دینار. مووچە زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی دامەزراندن و ئەو گرێبەستانەی هەن."
 
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق گوتی، "لە بودجەی ساڵی 2024دا کورتهێنان و قەرزکردن دەبێت، هاوشێوەی ساڵی 2023، بەڵام حکومەت هەموو خاڵە بنچینەییەکانی گەرەنتی کردووە، لەنێویاندا مووچە."
 
باسم عەوادی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ دەست بە پێدانی پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەکرێت و لەو بارەیەوە گوتی، "لە ساڵی 2023دا سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان خەرجکرا. ئەوەی ماوە بڕی 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینارە و ئەویش لە رۆژی 31ی ئاداری 2024ەوە دەدرێتە پارێزگاکان."
 
سەبارەت بەو بڕە پارەیەش کە کورتهێنانی بودجەیە، گوتەبێژی حکومەتی عیراق دەڵێت، "دانیشتووانی عێراق لە ساڵی 2010دا 30 ملیۆن کەس بوون و 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتمان هەناردە دەکرد. لە ساڵی 2015دا ژمارەی دانیشتووان بوو بە 35 بۆ 36 ملیۆن کەس و هەر 3 ملیۆن و 300 بەرمیل نەوتمان هەناردە دەکرد؛ بۆیە ئەو 80 تریلیۆن دینارەی کورتهێنانە لە بودجەدا جێگەی نیگەرانی نییە."
 
باسم عەوادی گوتی، "داهاتمان لە نەوت وەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئەگەر بەرمیلی نەوت لە 80 دۆلار بمێنێتەوە کێشەمان نابێت."
 
لەبارەی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ مووچەی فەرمانبەران، باسم عەوادی گوتی، "لە ساڵانی 2016 و 2017 ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخانکرا بڕی 33 تریلیۆن دینار بوو. لە ساڵی 2023دا 69 تریلیۆن دینار بوو."
 
بەپێی ئەو لێکدانەوەیە لەماوەی حەوت ساڵدا ئەو پارەیەی بۆ مووچە تەرخان دەکرێت، بە بڕی 36 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، واتە بە رێژەی زیاتر لە 53% زیادیکردووە.
 
عەلی مەگسووسی، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ژمارەکانی نێو بودجەوە ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا رەشنووسی بودجەی ساڵی 2024 نەگەیشتووەتە پەرلەمان. دەبێت حکومەت بە زووترین کات بینێرێت و هیوادارین کەموکورتییەکانی ساڵی 2023ـی تێدا نەبێت."
 
عەلی مەگسووسی ئاماژەی بەوەشکرد، " زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆران یەکێکە لە مەترسییەکانی نێو بودجە، چونکە ئەو پارەیەی تەرخانکراوە زۆرە و نزیکەی نیوەی خەرجییەکان پێکدەهێنێت. لە داهاتوودا کە نرخی نەوت دادەبەزێت مەترسییەکە روونتر دەبێت."
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى زیاتر لە 198 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی، " ساڵی رابردوو نیوەی بودجەی وەبەرهێنانمان خەرجکرد؛ 47 تریلیۆن دینار لە بودجەی وەبەرهێنانمان خەرجکرد. لە ساڵی 2014ەوە کە داعش هێرشی کرد سەر عێراق، بڕی ئەو پارەیەی لە بودجەی وەبەرهێنان بوو و خەرجدەکرا نەگەیشتووەتە چارەکی ئەو ژمارەی لەساڵی 2023دا خەرجکراوە."