حەیدەر عەبادی لەبارەی 'دزیی سەدە': چۆن پارە ئاوا بە فەردە دەدزرێت!

31-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق لەبارەی "دزیی سەدە"وە کە دزینی بڕی 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بوو و، لە ساڵی 2022 ئاشکرابوو، دەڵێت، "سەر سپی دەکات.. چۆن ئاوا پارە بە فەردە دەدزرێت و دەیبەن، سەیرە، پارە چۆن ئاوا دەدزرێت". دەشڵێت: "ئەو گەندەڵییە وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە گەندەڵی لە عێراق."
 
رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق گوتی: "بەڕاشکاوی بابەتی 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینارەکە بە وەرچەرخانێکی نوێ لە گەندەڵی لە عێراق دەبینم، من خۆم سەرەتا کە گوێم لێ بوو باوەڕم نەکرد، چونکە گونجاو نییە لە دەوڵەتی عێراق بەو شێوەیە پارە بە گونیە ببرێت، پارە چۆن ئاوا دەدزرێت؟ پارەی کاش دەدزرێت؟ باوەڕم نەکرد."
 
حەیدەر عەبادی رەخنەی تووندیش لە بەشێک لە بەرپرسانی دارایی عێراق لە وەزارەت و بانکی ناوەندی و بانکەکان و حکومەتیش دەگرێت و دەڵێت: "پارەی کاش دەدزرێت؟ باوەڕم نەکرد، کاتێک تەماشام کرد بەڕاستی سەر سپی دەکات، باشە چۆن تێپەڕی؟ بانکی ناوەندی لەکوێیە؟ بانکی رافیدەین لەکوێیە؟ وەزارەتی دارایی لە کوێیە؟ حکومەت لەکوێیە؟ دەستەی دەستپاکی لەکوێیە؟ چاودێریی دارایی لەکوێیە، واتە گونجاو نییە، بەڕێوەبەرانی گشتیی دیکە لەکوێن؟ باشە، تەنانەت ئەگەر حکومەت بیکات، باشە هەموو ئەوانی دیکە هاوبەشن؟ چۆنە بابەتەکە؟"
 
حەیدەر عەبادی دەشڵێت، ئەو دزییەی کراوە "مەترسیدارە" و گوتی، "گەندەڵی بەشێوەیەکی مەترسیدار بناخەی داناوە، من بە مەترسیداری دەزانم بەڕاشکاوی، پێشتر بەوشێوەیە رووینەداوە کە پارەیەکی کاش بەو قەبارەیە ببرێت." دەشڵێت، "پێشتر دزیی بەوشێوەیە نەبووە و من بە مەترسیداری دەزانم."
 
لە کۆتاییەکانی کابینەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022، "دزیی سەدە" ئاشکرابوو، کە بریتی بوو لە دزینی 3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار لە سپاردەی باجەکان بۆ بەرژەوەندیی ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا، دوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرى نەوت لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت، کە پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراقی کردبوو تێیدا باسی لە دزینی ئەو بڕە پارەیە کردبوو.
 
پارەکە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 تاوەکو ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براوە و دزییەکەش بە "دزیی سەدە" ناوى دەرکرد.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرایکردبوو، بەر لەوەى دەسەڵات بگرێتە دەست، "گەندەڵى" لە دەوڵەتى عێراق بەربڵاوبووە و بە گوتەى ئەو، لە نێوان ساڵانى 2003 بۆ 2020 بەهۆى گەندەڵییەوە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە.
 
لە کۆى 180 وڵاتەکەى جیهان بەگوێرەى پێنوێنیى رێکخراوى شەفافیەتى جیهانى، عێراق لە ریزبەندیى 157ـەمین وڵاتە، بەگوێرەى پێنوێنیى رێکخراوى  TRACE کە تایبەتە بە بنبڕکردنى گەندەڵى، عێراق لە ریزبەندیى 163ـى وڵاتانى جیهانە لە رووى زۆرى بەرتیلەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە