قائانی بە ئاشکرا لە نەجەف دەردەکەوێت


رووداو دیجیتاڵ 

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران لە شارى نەجەف بە ئاشکرا بەشدارى لە پرسەیەکى خانەوادەى حەکیم کرد و سەردانى گۆڕى محەممەد سەدر، باوکى موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدرى کرد. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر هیچ وێنە و ڤیدیۆیەکی سەردانەکانی بۆ عێراق بڵاونەدەکرانەوە.
 
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسدارانى ئێران بەشداری لە پرسەى سادق حەکیم، کوڕى محەممەد باقر حەکیم، دامەزرێنەرى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى کرد لە شارى نەجەف کە 30ى ئادار بەڕێوەچوو.
 
ئیسماعیل قائانی کە لە ساڵى 2012ـەوە خراوەتە لیستى سزادراوانی ئەمریکا، یەکەم جارە بە ئاشکرا لە عێراق دەربکەوێت و سەردانى بۆنەیەکى لەوجۆرە بکات، لەکاتێکدا سەردانەکانى پێشووى بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانى بە نھێنى دەهێڵدرانەوە.
 
فەرماندەى فەیلەقى قودس هەر لە شارى نەجەف سەردانى گۆڕى محەممەد سادق سەدر، باوکى موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدری کرد.
 
قائانی لە ساڵى 2020 وەک جێگرەوەى قاسم سولەیمانی بە فەرماندەى فەیلەقى قودسی سوپاى پاسداران دەستنیشانکرا، کە هەمان ساڵ لە بۆردوومانێکى ئاسمانیى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا کوژرا.