رووداو - بەغدا
بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. لیستی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پرسی خانەنشینی ئەو دوو بابەتە بوون کە گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە کرا، بەڵام بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدرا و مایەوە بۆ سبەینێ.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە خەرجبکرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "باسی کێشەکان و جەدوەلی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینیمان کردووە، زۆر لە کەشێکی باشدا بوو، هەردوولا وەک یەک تیم کاریان کردووە، ئومێدەوارین سبەی تەواو ببێت و یەکشەممە مووچە بنێردرێت."
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێیان گوتوون، ئەوان لە مانگی تەممووزی 2024ەوە ئەو بڕیارەیان لەسەر داهاتی ناوخۆ جێبەجێ کردووە و پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕە پارەیان بۆ بگەڕێننەوە.
رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "لەسەر دوو بابەت قسە کرا، یەکێکیان لیستی مووچەی مانگی یەک بوو، لەبەر ئەوەی ئەو لیژنەیەی لە وەزارەتی دارایی عێراق هاتبوونە هەولێر، نەگەڕاونەتەوە هێشتا، ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. لەسەر لیستی خانەنشینی تێبینییەک هەبوو لەسەر ئەوەی لە 01-01-2025ـەوە هەر کەسێک خانەنشین دەکرێت بەپێی یاسای یەکگرتوو دەبێت، ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە رابردوو کردوویەتی لەسەر داهاتی خۆی کردوویەتی نەک لەسەر تەخسیسی حکومەتی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان لە 01-07-2024ەوە لە داهاتی ناوخۆ داویەتی، بۆیە لەسەر ئەم لیستانە تۆزێک وردەکاری هەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە کەوتە سبەینێ."
هەمواری یاسای بودجە و دەنگدان بە ماددەی 12، کە پەیوەستە بە دیاریکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبن و بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەمەش یەکلایی بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ