رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، 5 تۆمەتبار دەستگیر کراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە؛ سیان لەوانە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا لە هەرێمی کوردستان بوون و تۆمەتبارن بەوەی چەندین تاوانیان ئەنجام داوە.
ئەمڕۆ هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە هەوڵەکانمان بۆ گەڕان بەدوای تاوانبارانی رشتنی خوێنی عێراقییەکان، لەنێویشیاندا سەرکردە و ئەندامانی حیزبە ئیسلامییەکان، حیزبی شیوعی و کورد، دیارترینیشیان ئایەتوڵڵا محەممەد باقر سەدر و بە پشتبەستن بە یاسای قەدەخەکردنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە، 5 تاوانبار و ئەندامی باڵای حیزبی بەعسمان دەستگیر کرد."
دەستگیرکراوەکان بریتین لە: سەعدوون سەبری جەمیل قەیسی، هەیسەم عەبدولعەزیز فایەق، خەیرەڵڵا حومادی عەبد جارۆ، شاکر تەها یەحیا غەفووری و نیعمە محەممەد سوهێل ساڵح.
بە گوتەی ئەرشەد حاکم، "دوای زیاتر لە 50 کاژێر لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەعدوون سەبری، دانی ناوە بە تیرۆرکردنی شەهید ئایەتوڵڵا محەممەد باقر سەدر و علوییە بنتولهودای خوشکی بە چەکی کەسیی خۆی."
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، "ئەو تاوانبارانە کە سەرجەمیان لە دەزگای ئەمنی بەعس پلە باڵا بوون، دانیان بە چەندین تاوانی دیکەدا ناوە، لەوانەش کوشتنی سەدان گەنج و خوێندکار لە پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست، هەروەها پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک."
ناسنامەی ئەفسەرە دەستگیرکراوەکانی ئەمن بەم شێوەیە:
سەعدوون سەبری جەمیل قەیسی
لیوا لە ئەمنی گشتیی پێشوو
ماوەی کارکردن لەگەڵ بەعس: 1977 – 2003
دیارترین پۆستەکانی:
بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج لە ئەمنی گشتیی پێشوو
بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی باکوور
هەیسەم عەبدولعەزیز فایەق
ماوەی کارکردن لەگەڵ بەعس: 1979 – 2003
دیارترین پۆستەکانی:
بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج لە ئەمنی گشتیی پێشوو
بەڕێوەبەری هۆبەی چوار/ تایبەت بە کاروباری خوێندکاران
خەیرەڵڵا حومادی عەبد جارۆ
ماوەی کارکردن لەگەڵ بەعس: 1970 – 2003
دیارترین پۆستەکانی:
ئەفسەر لە ئەمنی سلێمانی
بەڕێوەبەری ئەمنی زاخۆ
ئەفسەر لە هۆبەی سێ/ تایبەت بە کاروباری کورد
شاکر تەها یەحیا غەفووری
ماوەی کارکردن لەگەڵ بەعس: 1977 – 2003
دیارترین پۆستەکانی:
ئەفسەر لە ئەمنی هەولێر
بەڕێوەبەری هۆبەی سێ/ تایبەت بە کاروباری کورد
بەڕێوەبەری ئەمنی دهۆک
نیعمە محەممەد سوهێل ساڵح
ماوەی کارکردن لەگەڵ بەعس: 1973 – 2003
دیارترین پۆستەکانی:
بەڕێوەبەری هۆبەی سێ/ تایبەت بە کاروباری کورد
یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی
بەڕێوەبەری هۆبەی چوار/ تایبەت بە کاروباری خوێندکاران
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ