رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "پێشەنگی،" کە تایبەتە بە پشتیوانیکردن و پەرەپێدانی توانای گەنجان، قەرز بە زیاتر لە 16 هەزار گەنج دراوە، بۆئەوەی پەرە بە بیرۆکە بازرگانییەکانیان بدەن.
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا سەرپەرشتیی 48ـەمین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی لاوان و وەرزشی وڵاتانی عەرەبیی کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستنیشانکردنی شارەکە بە پایتەختی کولتووری وەرزشی عەرەبی بۆ ساڵی 2025.
لە گوتارەکەیدا سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، کارنامەی حکومەتەکەی "گرنگیی گەورە" بە گەنجان دەدات و لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "پێشەنگی" بۆ پشتیوانیکردنی دارایی و راهێنانی گەنجان، قەرز بە 16 هەزار گەنج دراوە، هەروەها 5%ی بودجەی پارێزگاکان بۆ کەرتی وەرزش و لاوان تەرخانکراوە.
تاوەکو ئێستا، بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، نزیکەی 400 هەزار کەس خۆیان لە دەستپێشخەرییەکەدا ناونووس کردووە، کە لە ئاداری ساڵی 2023 راگەیێندرا.
گەنجان دەتوانن لە رێگەی ئەپی "ریادە"وە لەسەر مۆبایلەکانیان خۆیان لە دەستپێشخەرییەکەدا تۆمار بکەن. دەستپێشخەرییەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
سوودانی گوتیشی، "پشتیوانی لە گەنجان کراوە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نوێ، قەرزپێدان بۆ پڕۆژەی بچووک فراوانکراوە و سەرمایەی سندووقی قەرزی تەرخانکراو زیادکراوە و گەیێندراوەتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار."
لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە سوودانی سەرکردایەتیکردنی حکومەتی فیدراڵی گرتووەتە دەست، لە نێوەڕاستی ساڵی 2023 ئەنجوومەنێکی بە ناوی "ئەنجوومەنی باڵای لاوان" پێکهێنا بۆئەوەی هاوئاهەنگی لەنێوان گەنجان و کەرتەکانی پیشەسازی و دامەزراوەکانی حکومەتدا بکات.
لەبارەی وەرزش، سوودانی باسی لەوە کرد، حکومەتەکەی ژێرخانی وەرزشی گەیاندووەتە ئاستێک کە بتوانێت میوانداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان بکات و "ئێستا عێراق ژمارەیەکی بێوێنەی یارگەی هەیە کە لە ئاستی ستانداردی ئۆڵمپی و نێودەوڵەتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ