کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: تاوەکو ساڵی 2027 هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی لە کەمپی هۆل نامێنێت

31-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت، 81 خێزانی دیکەیان لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، عەلی جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ 81 خێزانی دیکەی کەسوکاری چەکدارانی پێشووی داعش لە کامپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانەوە گەڕێندرانەوە و لە کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ نیشتەجێکران. 
 
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق دەڵێت: "لە ساڵی 2021ـەوە زیاتر لە دوو هەزار و 600 خێزانی عێراقی نێو کامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە و پڕۆسەکەش تاوەکو گەڕاندنەوەی دواخێزان بەردەوام دەبێت". 
 
عەلى جیهانگیر ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزارەتەکەمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە رێککەوتن لەبارەى چارەسەرى دۆسیەی ئەو عێراقیانەى لە کەمپى هۆلن. بەپێی رێککەوتنەکە، تاوەکو ساڵى 2027 هیچ خێزانێکى عێراقى لەو کەمپە نامێنێت و سەرجەمیان دەگەڕێندرێنەوە".
 
22ـی ئەم مانگە، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتی دەکرد، گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی کەمپی هۆل کرا و دۆخی خێزانە عێراقییەکانی ئەو کەمپە تاوتوێ کرا. لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی گەڕاندنەوەی فراوانیی خێزانەکان دەستپێدەکەین."
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 20 هەزار عێراقى لە ژن و منداڵانى کەسوکارى چەکدارانى پێشووی داعش لە کامپى هۆلی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان ماون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە