رووداو دیجیتاڵ
دادگەى کارگیڕى سکاڵاى حەوت قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەى لە نەینەوا رەتکردەوە، کە لە دژى لادانیان لە پۆستەکانیان لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگا، تۆماریان کردبوو. ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگا دەڵێت، ئەگەر هەیە هەفتەى داهاتوو پارێزگار فەرمانى دەستبەکاربوون بۆ جێگرەوەکانیان دەربکات، بەڵام یەکێک لە سکاڵاکاران دەڵێت، "پۆستەکانمان چۆڵ ناکەین و لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا تۆمار دەکەین."
بڕیارەکانى دادگەى کارگێڕى لە 26ى کانوونى یەکەمى 2024 دراون، بەڵام 30ى کانوونى دووەمى 2025 سکاڵاکارانى لێ ئاگادار کراوەتەوە.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە بڕیارێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دابوو بۆ دوورخستنەوەیان لە پۆستەکانیان و دانانى کەسانى دیکە لە جێگەیان.
دادگەى کارگێڕى لە بڕیارەکەیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو گۆڕانکارییانە یاسایین و سکاڵاکانى رەتکردووەتەوە.
سکاڵاکان لەلایەن بەڕێوەبەرى ناحیەکانى تەل عەبتە، نەمرود، گەیارە، شیمال و قایمقامەکانى حەزەر، حەمدانیە و مەخموور پێشکێش کرابوون.
رۆژی 31ى کانوونى دووەمى 2025 عیسام بەهنام، قایمقامى حەمدانیە کە یەکێک بوو لە سکاڵاکارەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دادگە گرنگى بە کرۆکى سکاڵاکانمان نەداوە، بڕیاردانەکە لەسەر بابەتى رووکەشى بووە و پشتى بە مادەى چوارى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەستووە، لە کاتێکدا ئەو ماددە هەڵوەشێندراوەتەوە."
مادەى چوارى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگا تایبەتە بە ماوەى بەڕێوەبردنى پۆستەکان، کە بۆ ماوەى چوار ساڵە.
یەکى تەممووزى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکى 20 یەکەى کارگێڕی کرد، بەڵام هاوپەیمانی نەینەواى یەکگرتوو و فراکسیۆنى پارتى، بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد و لە دژى گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکانی بە زۆرینەى دەنگى هاوپەیمانیی نەینەواى ئایندە کرا، کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان یەکێکە لە پێکهێنەرانى.
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بڕیارەى دادگە دەبێت جێبەجێ بکرێت و ئەگەر هەیە رۆژى یەکشەممە پارێزگارى نەینەوا فەرمانى کارگێرى بۆ خانەنشینکردنى بەرپرسى ئەو یەکە کارگێڕیانە و دەستبەکاربوون بۆ ئەوانە دەربکات، کە جێگەیان دەگرنەوە."
بەڵام قایمقامى حەمدانیە ئاماژە بەوەدەکات پۆستەکانیان چۆڵ ناکەن لەگەڵ پارێزەرەکەیان کۆدەبنەوە بۆ ئەوەى بزانن هەنگاوى داهاتوویان چى دەبێت. عیسام بەهنام گوتیشی، ئەگەر هەیە لە دژى ئەو بڕیارە پەنا بۆ دادگە باڵاى فیدراڵى ببەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ