شاندەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پرسی مووچە لە کۆبوونەوەدان

31-01-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت لەهۆتێل بەغدا لە کۆبوونەوەدان، بەپێی زانیارییەکان تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ هەینی 31-01-2025، کۆبوونەوەی شاندەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ پرسی مووچە، دەستیپێکرد. 
 
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرجەم بەرپرس و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 20 کەس دەبێت.

 

 

 
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەیە، بۆ مووچەی مووچەخۆران لە ساڵی 2025ـدا.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت: ''سەردانەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە هەرچی داواکاریی وەزارەتی دارایی عێراقە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەکیان بۆ دواخرانی مووچە نەمێنێت.''
 
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا پرسی خانەنشینبوونی ئەو فەرمانبەرانەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە و بڕی ئەو پاداشتەی کە پێویستە پێیان بدرێت، دەخرێتە بەرباس.
 
پەرلەمانى عێراق دەنگدان بە هەموارى یاساى بودجەى گشتى خستووەتە خشتەى کۆبوونەوەى دووی شوبات، کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. هەڵکەوت عەزیز ئاماژەی بەوەدا، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیش بەتایبەتی بۆ مادەی 12ـی یاساکە کە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی گفتوگۆی دوو شاندەکە دەبێت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، "ئەمڕۆ جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوانیان دەکرێت، بەڵام نووسینەوەی خاڵ و یاداشتی رێککەوتنەکە دەمێنێتەوە بۆ رۆژانی داهاتوو."
 
رووداو زانیویەتی کۆبوونەوەکانی دوو شاندەکە لە بەغدا چەند رۆژێک دەخایێنێت، ئامانجیش ئەوەیە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا بتوانن سەرجەم کێشە داراییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
 
بەگوتەی هەڵکەوت عەزیز شاندی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووەتە بەغدا و ''دەیانەوێت گرفتەکانی لیستی مووچە وەکو ناوی دووبارە، کێشەی بایۆمەتری و هەموو ئەو داواکارییانەی کە وەزارەتی دارایی عێراق هەیانبوو چارەسەر بکرێن، بۆ ئەوەی مانگەکانی داهاتوو بە هیچ بیانوویەک ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوانەخرێت.'' 
 
شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی پیشان داوە کە 50٪ـی داهاتی نانەوتیش رادەستی بەغدا بکەن، ''بۆ ئەوەی کۆتایی بەو بیانوویەی بەغداش بهێنرێت.''
 
لەکاتێکدا مانگی کانوونی دووەمیش تەواو بوو، هێشتا مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی 2024ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو زانیویەتی،  ''شاندی هەرێمی کوردستان بەنیازن پێشنیازی ئەوە بکەن بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 12، قەرزیان پێ بدرێت.''
 
ئەوە لەکاتێکدایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی رایانگەیاندوو، ئەو بڕە پارەیەی پێویست بووە لە ساڵی 2024ـدا، بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نێردراوە و ئێستا هیچ بڕە پارەیەکیان لای حکومەتی فیدراڵی نەماوە. بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە ساڵی رابردوو پارەی پێویست بۆ مووچە لە بەغداوە نێردرابێت.
 
بۆ ساڵی 2024، مانگانە نزیکەی تریلیۆنێک دینار بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویست بوو؛ بەگوتەی هەڵکەوت عەزیز، شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کردووە لە ساڵی 2025ـدا، بۆ دابەشکردنی مووچەی هەر مانگێک پێویستییان بە زیاتر لە تریلیۆنێک دینارە. گوتیشی، ''هەندێک لە ئەندامانی شاندەکە دەڵێن، پێویستیمان بە ترلیۆنێک و 100 ملیار دینارە.''

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە