رووداو دیجیتاڵ
دادگەى کارگێریى عێراق لەبارەى سکاڵایەکى دیکەى راکان جبورى دژی کۆبوونەوەى سێیەمى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆدەبێتەوە، نوێنەرى یاسایى ئەنجوومەن دەڵێت: "سکاڵاکە رەت کراوەتەوە." بەڵام هاوپەیمانیى عەرەبی دەڵێت، سکاڵاکە دواخراوە.
کۆبوونەوەى دادگەکە لە 29ى کانوونى دووەمى 2025 کراوە، بۆ تاوتوێکردنى ئەو سکاڵایە کە راکان جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیی عەرەبی لە دژى هەریەک لە محەممەد حافز، سەرۆکى ئەنجوومەن و رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکووک تۆماری کردووە.
سکاڵاکە لە دژى کۆبوونەوەی ژمارە سێى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بووە لە 10ى ئابى 2024 کە لە بەغدا کرا و رێبوار تەها وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
کاروان عوسمان، بەرپرسی بەشى سکاڵاکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سکاڵاکە رەتکرایەوە بە پشتبەستن بە رەتکردنەوەى چوار سکاڵاى دیکە لە دژى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، کە ئەو دادگەیە رەتیکردەوە."
بەڵام هاوپەیمانیى عەرەبی لە 30ى کانوونى دووەم روونکردنەوەیەکى بڵاوکردووتەوە و ئاماژەى بەوەداوە، ئەو سکاڵایە رەتنەکراوەتەوە، بەڵکو رۆژێکى دیکە بۆ دانیشتنەکە دیاری کراوە.
ئەو هاوپەیمانێتیە دەڵێت: "ئەو لایەنانەى بانگەشەى ئەوە دەکەن بڕیارێک هەیە بۆ رەتکردنەوەى سکاڵاکە یان پووچەڵکردنەوەى لە بارەى کۆبوونەوەى سێیەمى ئەنجوومەنى پارێزگا، با بەڵگەنەمەیەکى فەرمى پێشکەش بکەن و لە تۆمارى دادگە هیچ شتێک نییە ئەوە پشتراست بکاتەوە."
22ى کانوونى دووەمى 2025 دادگەى کارگێرى چوار سکاڵاى لە دژى کۆبونوەوەى ژمارە دووى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەتکرەوە، کە تێیدا محەممەد حافز وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا هەڵبژێدرا، سێ لەو سکاڵایانە لەلایەن ئەندامانى هاوپەیمانیى عەرەبی پێشکێش کرابوون، سکاڵایەکی دیکەیان لەلایەن فراکسیۆنەکانى بەرەى تورکمانى پێشکێش کرابوون.
کاروان عوسمان گوتى: "سکاڵاکارەکان داواى پێداچوونەوەیان پێشکێش بە دادگە کردووە لە دژى رەتکردنەوەى سکاڵاکانیان".
رۆژی 10ـی ئابى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێی هەڵبژارد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ