رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق یاساى لێبووردنى گشتى رەوانەى دادگەکان دەکات بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکەن. ئەندامێکى لیژنەى یاسایی، دەڵێت، بۆ کارابوونى، دەبێت یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوبکرێتەوە، یاساکە سزادراوانى چەند گرتووخانەیەک لە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
نووسراوى فەرمیی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى بۆ دادگەکان لە 30ى کانوونى دووەمى 2025 نێردراوە، تێیدا هاوپێچى هەموارى یاساى لێبووردنى گشتى بۆ ناردوون و دەڵێت: "بۆ ئەوەى ئاگاداربن و کارى پێ بکەن".
هەموارى دووەمى یاسایى لێبووردنى گشتى لە 21ى کانوونى دووەمى 2025 لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر درا، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەسەر بنەماى هەواڵدەرى نھێنى یان دانپێدانانى کەسێکى دیکە یان دانپێدانانى بە زۆر، سزادراون.
بۆ کارابوونى هەر یاسایەک کە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر دەدرێت، پێویستە لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراق بڵاوبکرێتەوە. دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "جێبەجێکردنى یاساکە پێویستى بەوەیە کە لەو رۆژنامەیە بڵاوبکرێتەوە، ناردنى یاساکە بۆ دادگەکان بۆ ئەوەیە ئامادەکارى بۆ جێبەجێکردنى بکرێت".
ئەو لێبووردنە چەند سزادراوێکى دیکە دەگرێتە لەوانە: هەرکەسێک تاوەکو 50 گرام مادەى هۆشبەرى پێ گیرابێت، ئەو کەسەى لەسەر دۆسیەیەکى گەندەڵى سزادرابێت و پارەکەى گەڕاندبێتەوە.
دارا سێکانیانى گوتی، ئەو یاسایە سزادراوانى نێو گرتووخانە فیدراڵییەکان لە هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.
دوو گرتووخانەى فیدراڵى عێراق لە هەرێمى کوردستان هەن، کە لە سنوورى قەزاى دوکان و چەمچەماڵن و ئەو کەسانەى تێدایە کە لە لایەن دادگەکانى عێراقەوە سزادراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ