سەرۆککۆماری عێراق: پێویستە فەرمانبەرانی کوردستان وەکو فەرمانبەرانی عێراق مووچە وەربگرن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە کوردستانییەکان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کۆبووەوە، مادەی 140ـی دەستوور و زەویی جووتیارانی کورد، یاسای بودجەی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و ژمارەیەک بابەتی دیکەی باسکرد.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان جگە لە نەوەی نوێ، وەزیرانی کورد و بەرپرسانی کوردی حکومەتی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لە حکومەتی عێراق د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، خالید شوانی، وەزیری داد و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگە ئامادەبوون.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دوایین پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابورییەکان تاوتوێکران و سەرۆکۆمار جەختی لەسەر "پێویستیی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو هەموو فەرمانبەرانی دیکە."کردەوە.
 
هەروەها "کاریگەرییەکانی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر رەوشی ژیان و ئابووری و باری  کۆمەڵایەتی روونکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دابەشنەکردنی مووچە بووەتە هۆی داخستنی خوێندنگەکان و بێبەشبوونی خوێندکاران لە خوێندن.
 
کەریم شوکر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "باسی ئەوە کرا ئەگەر هەمواری یاسای بودجەی عێراق هاتە پەرلەمان کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەین و کار لەسەر ئەوە بکەین مووچەی فەرمانبەران هاوتای مووچەخۆرانی عێراق دابەشبکرێت و دوانەکەوێت."
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بۆ پرسی مادەی 140 و زەویی جووتیارانی کورد لە کەرکووک بەتایبەت و ناوچە کێشەلەسەرەکان بوو، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆککۆمار ئاماژەی بە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق بەتایبەتی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران و قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی زەرەرمەند کردەوە." 
 
سەرۆکۆمار داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد کرد تێڕوانین و پێشنیارەکانیان لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی 140 بخەنەڕوو. 
 
لەتیف رەشید هەروەها باسی لە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە کرد، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەیە.
 
بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە یەکێکی دیکە بووە لەو بابەتانەی سەرۆککۆمار پەرلەمانتارانی هاندا دۆسێی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخەنە ناو دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوەکو دەنگی لەسەربدرێت، وەکو راگەیێندراوەکە روونیکردووەتەوە.
 
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی کە بەشداری لە کۆبوونەوەکە کردبوو، گوتی، "باسی هەوڵەکان و چڕکردنەوەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی شۆڕشی سەردەمی بەعس و بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور کرا و سەرۆککۆمار بە پێویستی زانی هەوڵی تەواو لەڕێگەی حکومەتی عێراق و مادەی 140 بدرێت بۆ ئەوەی زەویی کورد و تورکمان بگەڕێتەوە و ئەو بڕیارانەی لیژنەکە و حکومەتی عێراق دەریکردوون جێبەجێبکرێن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو هەوڵانەی لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی بۆ رێگریکردن لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دراون، سەرەڕای  داوای عێراق بۆ ئەوەی بابەتەکە بخرێتە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
 
د.خالید شوانی، وەزیری دادیش باسی لەوەکردووە باسی لە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی دارایی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارە کوردانەی زیانیان بەرکەوتووە کرد، هەروەها ئاماژەی بە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ زەوییە کێشەلەسەرەکان بە گوێرەی یاسا و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد.