سەرۆک بارزانی: هیوادارم کۆبوونەوەی نەجەف رێگەخۆشکەربێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی نەجەف رایگەیاند، هیوادارە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، موقتەدا سەدر و محەممەد حەلبووسی دەرەنجامی ئەرێنیی هەبێت و رێگەخۆشکەربێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەی سیاسی عێراق بوونەتەوە.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە تویتەر لەبارەی کۆبوونەوەکەی نەجەف نووسیویەتی، "پڕبەدڵ هیوادارم کە کۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی ئەنجامی ئەرێنیی لێ بکەوێتەوە و رێگەخۆشکەربێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەنووکەییانەی کە ئێستا رووبەڕووی پرۆسەی سیاسی عێراق بوونەتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە 31-01-2022 سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی بۆ رای گشتیی عێراق و کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەستپێشخەرییەکی سیاسیم خستووەتەڕوو و پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن".
 
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، "لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و لەسەر چۆنێتیی بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان راوێژ بكەن".

سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە ئەو دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئەرێنیی هەبێت و "لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت".
 
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتە شاری نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی-ن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەدر.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو. لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیارم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەمەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و، لەسەر چۆنیەتیی بەردەوامبوونی پڕۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان ڕاوێژ بكەن.

هیوادارم ئەم دەستپێشخەرییە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و لە بەرژەوەندیی عێراق و هەموو پێكهاتەكانیدا بێت.

مەسعود بارزانی
31ـی كانوونی دووەمی 2022