رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا سووریاییەکەی کرد و رایگەیاند، نێردە دیپلۆماسییەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ دیمەشق.
دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کردووە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق پیرۆزبایی لە ئەسعەد حەسەن شەیبانی کردووە بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوەی سووریا.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق، "گرنگیپێدانی حکومەتی نوێی سووریای بە نێردراوی دیپلۆماسی عێراقی لە سووریا بەرز نرخاندووە، هەروەها دڵنیایی داوە لە دووبارە گەڕانەوەی سەرجەم ئەندامانی نێردەی دیپلۆماسیی عێراقیی بۆ دیمەشق لەپێناو دەستپێکردنەوەی کارەکانیان."
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا پرسە گرنگە هاوبەشەکانی هەردوولایان تاوتوێ کردووە: "هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ئاسایش و سەقامگیری هەردوو وڵات پێکەوە گرێدراون، وەزیری دەرەوەی سووریاش دووپاتیکردووەتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، فوئاد حوسێن، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی لە جموجۆڵەکانی ئەم دواییانەی چەکدارانی داعشی کردووە لە سنوورە هاوبەشەکانی هەردوولا جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە کردووەتەوە. وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش."
رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، شەیبانی تەمەن 37 ساڵ و لەدایکبووی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان وەک وەزیری دەرەوە لە حکومەتی نوێی سووریا دەستنیشان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ