رووداو دیجیتاڵ
رەغد سەدام حوسێن، کچە گەورەی سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق، بەبۆنەی ساڵیادی لە سێدارەدانی باوکی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی پەیامەکەیدا پیرۆزبایی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدی لە گەلی سووریا کرد.
ئەمڕۆ 30ی کانوونی یەکەم، 18 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراق تێپەڕی، کچە گەورەکەی سەدام، کە لە 2003ەوە لە ئوردن نیشتەجێیە، بەم بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رەغد سەدام حوسێن دەڵێت: "ئەمڕۆ ناوچەکەمان کارەساتی زۆر و رووداوی مەترسیدار بەخۆیەوە دەبینێت... لەوانەیە عێراقیش بەم قۆناخەدا تێپەڕێت و لەوانەیە لە قۆناخەکانی دیکە سەختتر بێت."
کچە گەورەی سەدام لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێێ: "هۆشیاریی عێراقییەکان بەرامبەر بە وڵاتەکەیان گەورەتر بووە و رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەن ئەجێندای فراوانخوازیی خۆیان لەسەر حیسابی عێراق تێپەڕێنن. عێراقێکی دابەشکراوی تایفی قبووڵ ناکەین."
سەدام حوسێن کە لە تەممووزی 1979 تاوەکو نیسانی 2003 سەرۆکی عێراق بوو، دوای ئەوەی ساڵی 2003 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا دەستگیرکرا و پاشان لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە دادگایی کرا، لە 30-12-2006، ئەوکاتەی نووری مالیکی سەرۆکوەزیران بوو، لەسێدارەدرا.
رەغد سەدام حوسێن باسی سووریای دوای بەشار ئەسەد دەکات و دەڵێت: "پیرۆزبایی لە گەلی خۆشەویستی سووریا دەکەین کە گەیشتە قۆناخێکی نوێی چاوەڕوانکراو. پێویستە بە وردی و بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناخی ئێستا بکرێت و سووریاییەکان نابێت رازی بن بەوەی شایستەی مێژوو و شارستانیەتی دێرینی سووریا و شام نییە."
رۆژی 8ی ئەم مانگە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆتاییان بە حوکمی زیاتر لە نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
هەرزوو تەحریری شام، حکومەتێکی راگوزەری بە سەرۆکایەتی محەممەد بەشیر بۆ ماوەی سێ مانگ پێکهێنا. هەروەها ئەحمەد شەرع، ناسراو بە ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام وەکو سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا ناسێندراو زۆربەی کات لە ئۆفیسەکەی پێشووی بەشار ئەسەد پێشوازی لە میوانانی ناوخۆ و دەرەوە دەکات.
رەغد سەدام لە پەیامەکەیدا لەبارەی ئەحمەد شەرعەوە دەڵێت: "دوێنێ ئەمریکا و رۆژئاوا ئەوەی ئەمڕۆ سووریا بەڕێوەدەبات بە تیرۆریستیان دادەنا، بەڵام لە شەو و رۆژێکدا بابەتەکە بە تەواوی گۆڕا. بەڵێ، لەوانەیە مرۆڤ یان ئاراستەکانی بەرەو خراپتر یان باشتر بگۆڕێت هیوادارین وابێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ