مەشهەدانی: باسی دواخستنی هەڵبژاردنم نەکردووە

30-12-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رەتیکردەوە سەرۆكی پەرلەمان گوتبێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوادەخرێت.
 
دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەشێک لە چاوپێكەوتنێكی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ كەناڵێکی عەرەبییدا بڵاوکرایەوە کە دەڵێت: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای شەش مانگ دەکات بۆ ئامادەکاری؛ ئەگەر ئەو ماوەیەی پێنەدرێت هەڵبژاردن دوادەکەوێت."
 
ئەو قسەیەی مەشهەدانی کاردانەوەی فراوانی لە میدیا عێراقییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەو قسانەی بە ناوی سەرۆكی پەرلەمان لە هەندێك كەناڵ و سۆشیال میدیا بڵاوكراونەتەوە، كە گوایە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوادەخرێت، راست نین و بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە."
 
نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی داوا لە میدیاکان دەکات وردبن بن و بۆ زانینی هەڵوێستەكانی سەرۆکی پەرلەمان پشت بە راگەیێندراوە فەرمییەكان ببەستن.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو بکرێت.
 
رۆژی 22ی ئایار، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی تاوەکو 06-01-2025 پەسند کرد، ئەوەش بەمەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش پێویستە جارێکی دیکە تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژ بکرێتەوە یان کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵبژێردرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە