دژە تیرۆری عێراق: لە حەمرین 7 چەکداری داعشمان کوشتن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە زنجیرە چیای حەمرین، شەڕوپێکدادان لە نێوان هێزەکانی تیرۆری عێراق و چەکدارانی داعش روویدا و بەهۆیەوە حەوت چەکداری داعش کوژران و کارمەندێکی دژە تیرۆریش گیانی لەدەست دا.  
 
دووشەممە، 30-12-2024، دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، دوای بۆردوومانی ئاسمانی، هێزەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە زنجیرە چیای حەمرین هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان کردووە.
 
بەگوێرەی دژە تیرۆر، هێزەکانیان حەوت چەکداری داعشیان کوشتووە، 20 شوێن، سێ ئەشکەوت و پێنج تونێلیان خاپوور کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ فەریق روکن کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگاکە، گیانلەدەستدانی کارمەندێکی دژە تیرۆری بەناوی هادی حامد نیعمە راگەیاند، لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش لە زنجیرە چیای حەمرین.
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆر،  لە ئەرکێکی دیکەی هاوبەشدا هێزەکانی دژە تیرۆر لەگەڵ شانەی هەڵۆی هەواڵگریی لە سنووری نێوان هەردوو پارێزگای سەلاحەدین و دیالە دەستیان بەسەر چەند مادەیەکی تەقەمەنیدا گرتووە. 
 
هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، هێزەکانی دژەتیرۆر لە پارێزگای ئەنبار، پێنج شوێنی داعشیان خاپوور کردووە.