رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی لەنێوبردنی مادەی هۆشبەر رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ لە عێراق نزیکەی چوار تۆن مادەی هۆشبەر لەنێوبراون.
دادوەر سوهەیب دەحام، سەرۆکی لیژنەی لەنێوبردنی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق دووشەممە، 30-12-2024، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی چوار تۆن مادەی هۆشبەرمان لەنێوبردووە".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، مادە هۆشەبەرەکان لە فەرمانگەی دادپزیشکی لە بەغدا و هەردوو پارێزگای نەجەف و بەسرە هەڵگیرابوون.
بەگوتەی دادوەر سوهەیب دەحام مادەکان پێکهاتبوون لە:
- زیاتر لە سێ ملیۆن حەبی هۆشبەر.
- 654 شوشەی کۆدایین.
- 985 پاکەت ترامادۆل.
- لە 136 نێرگەلەی ئەلیکترۆنی کە مادەی حەشیشی تێدابوو.
- 2305 مادەی دیکەی هۆشبەر.
دوێنێ یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 626 تۆڕی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هەڵوەشێندراونەتەوە، کە 57یان نێودەوڵەتیی بوون.
هەروەها 148 فەرمانی لەسێدارەدان و 587 فەرمانی زیندانی تاهەتایی دەرچوو. 100 سەگی مەشق و راهێنان K9 بۆ ئاشکراکردنی مادە هۆشبەرەکان دابینکراوە و 409 چالاکیی ئەمنییان رێکخستووە.
رۆژی شەممە، 28-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، ئاماری ساڵی 2024ـی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، ئەم ساڵ شەش تۆن و 183 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 14 هەزار و 438 کەسیش بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
هەر ئەم ساڵ 144 بازرگانی نێودەوڵەتی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە؛ 454 بازرگانی نێوخۆییش سزای زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان، 11 بازرگان کوژراون و 33ـی دیکە برینداربوون، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و 31ـی دیکە بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ