کاروانێکى دیکەى لوبنانییەکان ئەمڕۆ عێراق بەرەو وڵاتەکەیان جێدەهێڵن

30-12-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دواى زیاتر لە سێ هەفتە لە راگرتنى، گەشتى ئاسمانیی نێوان عێراق و لوبنان دەستپێدەکاتەوە و ژمارەیەک هاووڵاتیی لوبنانی دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
 
عەلى جەهانگیر، گوتەبیژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "کاژێر 02:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (دووشەممە) 158 هاووڵاتیی لوبنانی لە فڕۆکەخانەى بەغداوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان." 
 
گەشتى ئاسمانیی نێوان عێراق و لوبنان لە 8ـی کانوونى یەکەمەوە راگیراوە، بەهۆى دۆخى سووریا و داخستنى ئاسمانی ئەو وڵاتە بە رووى گەشتى ئاسمانیدا.
 
عەلى جەهانگیر رایگەیاند، بڕیارە رۆژانە جارێک یان دووجار گەشتى ئاسمانى لەسەر تێچووى وەزارەتەکەى بۆ گەڕانەوەى لوبنانییەکان بۆ وڵاتی خۆیان، بکرێت.
 
بەر لە گۆڕانى دۆخى سووریا، نزیکەى 5 هەزار لوبنانی بە رێگەى وشکانى و 300ـی دیکە بە رێگەى ئاسمانى گەڕابوونەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند "24 هەزار لوبنانى لە وەزارەتەکەمان تۆمارکراون. 10 هەزاریان ناویان تۆمار کردووە بیانگەڕێنینەوە." 
 
لە یەکى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە بەهۆى جەنگى نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، زیاتر 36 هەزار لوبنانى بە رێگەى ئاسمانی یان وشکانى لە رێگەى سووریاوە پەنایان بۆ عێراق برد.
 
گەڕانەوەى لوبنانییەکان لە عێراقەوە بۆ وڵاتەکەیان لە 27ى تشرینى دووەم دەستىپێکرد، دواى ئەوەى ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیێندرا.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە