لیژنەکەی سەدر 211 موڵک و خانوو بۆ کریستیانەکان دەگەڕێنێتەوە

30-12-2022
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
ئەو شوقەیەی کە لیژنەکەی سەدر بۆ کریستیانەکانی گەڕاندووەتەوە
ئەو شوقەیەی کە لیژنەکەی سەدر بۆ کریستیانەکانی گەڕاندووەتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو لیژنەیەی کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ گەڕاندنەوەی موڵ و ماڵی کریستیانەکان پێکی هێنا، توانی 211 موڵک بۆ کریستیانەکانی عێراق بگەڕێنێتەوە، بەڵام هێشتا دەیان شوێنی دیکەی کریستیانەکان ماون کە نەگەڕێندراونەتەوە.
 
بەشی زۆری ئەو موڵکانەی کریستیانەکان لە لایەن گرووپە چەکدارە دەستڕۆیشتووەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. کریستیانەکان چاویان لەوەیە حکومەتی عێراق لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە سەرجەم ئەو موڵکانە بگەڕێنێتەوە کە بە هەڕەشە و رێگەی جیاواز لە دوای 2023ـەوە لەژێر دەستی ئەواندا دەرهێنراون. 
 
عومەر کازم، پارێزەری ئەو کریستیانانەی دەست بەسەر موڵکیان گیراوە دەڵێت، "زۆر سوپاسی سەید موقتەدا سەدر دەکەین خوا بیپارێزێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەم شوقەیە بۆ خاوەنەکەی، پاش ئەوەی دوامان لەو لیژنەیە کرد کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە، سوپاس بۆخوا پاش  13 ساڵ شوقەکە بۆ خاوەنەکەی گەڕێندرایەوە." 
 
ئەو لیژنەیەی سەدرییەکان پێکیانهێناوە تائێستا توانیویەتی 211 موڵکی کریستیانەکان بگەڕێنێتەوە، زیاتر لە 70 خێزانی دیکەی کریستیان داواکارییان پێشکێشی لیژنەکە کردووە بۆ گەڕانەوەی ماڵ و موڵکیان. کریستیانەکان دوای نزیکەی 20 ساڵ هێشتا ئاواتەخوازن ئاسایش بەرقەرار بێت و سەروماڵیان بپارێزرێت. 
 
نیبراس یوسف، هاووڵاتیی کریستیان دەڵێت، "بە راشکاوی دەڵێم گەلی عێراق بە گشتی ئازاریان چەشتووە، بەبێ ئەوەی کەسانێک یان ئایینێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین، مەسیحی و سابیئی و ئیسلامیش کەوتنە بەر هەڕەشە و ئازار، ماوەیەک مەسیحییەکان و ماوەیەک موسڵمانەکان سەرجەمیان بە ئازار تێپەڕیون، داوا لە خوای گەورە دەکەین ئاسایش بەرقەرار بێت، ئێستاش تەنیا ئاوات بۆ ئەوە دەخوازین ئاسیش بگەڕێتەوە و سەروماڵی خەڵک بپارێزرێت." 
 
بەپێی بەدواداچوونێک کە لە کەنیسەکاندا کراوە، پێش ساڵی 2003 نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار کریستیان لە عێراق دەژیان، بەڵام ئێستا نزیکەی 500 هەزار کریستیان ماونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە