داوا دەکرێت هێزێکی تایبەت بۆ داماڵینی چەک رەوانەی میسان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەی خومسی سەر بە قەزای مەیمون لە رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان، شەوێکی سەختی لەژێر دەنگی تەقەی زۆردا بەڕێکرد کە بەهۆی ناکۆکیی هۆزەکانەوە روویدا و بە "تووندترین شەڕی هۆزەکان" لە پارێزگاکە دادەنرێت و چەند ساڵێکە بەوشێوەیە نەبووە.
لە شەڕەکەدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەیش بریندار بوون کە سەر بە یەک هۆزن. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، هیچ دەسەڵاتێکی تەواوی بۆ بەرپەرچدانەوەی لایەنە ناکۆکەکان نییە، داواش دەکات هێزێکی سەربازی بۆ داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت بچێتە ناوچەکەیان.
سەبری هاشم کازم، قایمقامی قەزای مەیمونە دەڵێت، "رێوشوێن و دەسەڵاتەکانمان لەبارەی ئەم دۆسیەیە سنووردارە، دۆسیەی ئەمنی بەدەستی ئێمە تەنیا ئاڕاستەکردن و جووڵاندنی هێزەکانە و پێڕاگەیاندنیانە بە رۆیشتن بۆ چارەسەکردن، لە رێگەی کەناڵە بەڕێزەکەتانەوە داوا دەکەین هێزێکی کاریگەر لەم ناوچە گەرمانە بۆ پاراستنی دانیشتووان و داماڵێنی چەکی بێمۆڵەت لەم ناوچەیە هەبێت."
بەشێک لە هۆزەکانی پارێزگای میسان شەڕ و ناکۆکیی نێوانیان رەتدەکەنەوە و جەخت لەسەر رێزگرتنی یاسا و جێبەجێکردنی دەکەنەوە، داواش دەکەن کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هۆزەکان چارەسەر بکرێن، ئەوان رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیەش بە لاواز دەزانن.
شێخ جەمال زرزور فالح، سەرۆکی هۆزی سەواعد گوتی، "پێشتر کە کێشە روویدەدا رێگەی دوورخستنەوەی کەسەکە لە ناوچەکە دەگیرایە بەر بۆ هەر کەسێک کە ملکەچی چارەسەرەکان نەبووایە و کاریگەریی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەبووایە، بۆیە بڕیار دەدرا لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە دووربخرێتەوە و رێگەی گەڕانەوەی پێنەدەدرا تاوەکو چارەسەکردنی کێشەکە، بەڵام ئێستا رێوشوێنەکان لاوازن، بۆیە هەندێک بکوژ دەبینیت لە پارێزگاکە بەبێ گرتنەبەری هیچ رێوشوێنێک لە بەرامبەریان دەسووڕێنەوە، پێویستە بکوژ رادەستبکرێت و بەوەش کێشەکان کۆتاییان دێت."
سەرباری هەوڵەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە کە دوو دەیە دەبێت زۆر فراوانبووە، بەڵام هەوڵەکانی حکومەت تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سنوورێک بۆ ئەو رووداوانە دابنێت، هەرچەندە دەسەڵاتداران بەڵێنیانداوە ئەوانەی هۆکاری کێشەی هۆزەکانن بە "تووندترین شێوە" سزا بدات.
هێشتا گەڕان بەدوای کەسانی داواکراو بەردەوامە، هێزەکانی ئاسایش 14 کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە رووداوەکەی شارۆچکەی خومسی پارێزگای میسان، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنی.