ساڵێکە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراق ناکۆکیی سیاسیی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
عێراق بڕیاریداوە لە مانگی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، هەرچەندە گومان هەیە لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، بەڵام کۆسپێکی دیکەش لەبەردەم هەڵبژاردن دادگای باڵای فیدراڵییە کە ئێستا بەهۆی ئەوەی ئەندامێکی خانەنشین بووە و ئەندامێکی گیانی لەدەستداوە، رێژەی یاسایی نییە بۆئەوەی کۆببێتەوە، بەبێ دادگای فیدراڵیش ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق پەسند ناکرێت.
دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکی پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەی پرسە دەستوورییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی عێراقە، ئەوەش لەڕێگەی ماددەکانی دەستوورەوە، بەڵام ئێستا ئەو دادگایە ناتوانێت کۆببێتەوە و پەرلەمانی عێراق بەهۆی رێکنەکەوتنەوە یاسای بۆ دادگای فیدراڵی دەرنەکردووە، بۆیە دادگاکە بە ناکارایی ماوەتەوە.
بەرنامەی (مژار)ی ئەمجارەی رادیۆی رووداو تایبەت بوو بە یاسای دادگای فیدراڵی لە عێراق، بە میوانداریی هەریەکە لە محەمەد شاکر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین سەعدوون، سەرۆكی پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق و وادی ئەلشەمەری، شارەزای یاسا.
ماوەی ساڵێکە پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی لە پەرلەمانی عێراقە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لەسەرە، لەبارەی ئەو ناکۆکییانە و گرنگیی ئەو یاسایە د. محەممەد شاکر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی "یاسای ئێستای دادگای فیدراڵی ژمارە 30ی ساڵی 2005ـە کە پێش دەستوور دانراوە؛ ئاراستەیەک هەیە کە بەپێی دەستوور یاسایەکی نوێ دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژە یاسایەک هاتووەتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە سیاسییەکانی لەسەرە، ئەویش لەسەر 3 خاڵ. یەکێک لەو خاڵانە لەسەر ژمارەی ئەندامانی دادگای فیدراڵییە، وەکو لە دەستووردا هاتووە دەبێت ئەندامەکانی ئەو دادگایە لە دادوەران و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و یاسایی بن؛ ناکۆکی لەسەر ژمارە و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی هەیە. لایەنە سیاسییەکان داوادەکەن رۆڵی ئەو شارەزایانە راوێژکاری بێت و نابێت مافی دەنگدانیان هەبێت، بەشێک لە لایەنە شیعییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەو شارەزایانەی فیقهی ئیسلامی مافی دەنگدانیشیان هەبێت، ئاراستەی سێیەم ئەوەیە، ئەگەر ئەو بابەتەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت پەیوەندیی بە حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلامەوە هەبێت، دەکرێت بەشداربن و مافی دەنگدانیشیان هەبێت، بەڵام لە دەرەوەی ئەو بابەتە مافیان نییە".
خاڵی دووەمی ناکۆک لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە، بە گوتەی د. محەمەد شاکر ئەوەیە "کێ ئەو ئەندامانە هەڵدەبژێرێت؟ بۆ نموونە، سەرۆکی دادگاکە و ئەندامەکانی. کێشەی سەرەکیی ئێمە ئێستا ئەوەیە ژمارەی ئەندامەکانیان کەمە و یەکێکیان خانەنشین بووە و یەکێکیشیان پێش چەند مانگێک کۆچی دواییکرد. بەپێی یاسا کۆنەکەش ئەگەر هەموو ئەندامەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبن، کۆبوونەوەکە یاسایی نییە، بۆیە ئێستا بۆشاییەکی یاسایی هەیە".
شێوازی دەنگدان خاڵێکی دیکەی ناکۆکی لەسەرە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "شێوازی دەنگدان و چۆنێتیی یەکلاکردنەوەی پرسەکانە؛ ئایا بە رێککەوتن دەبێت؟ ئایا بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت یان پارێزگاکان؟ ئێمە وەکو کورد پێمانباشە یەکلاکردنەوەی پرسەکان بە دەنگی چوار لەسەر پێنجی ئەندامان بێت، چونکە بەپێی ماددە 94ی دەستوور بڕیاری کۆتایی لای دادگای فیدراڵییە و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەندبن".
بە گوتەی د. محەممەد شاکر، ئاراستەیەک هەیە لە پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکە، کە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە و دەڵێت "بە تێڕوانینی من، ئاراستەی پەرلەمان زۆرتر لەسەر ئەوەیە یاسا کۆنەکە هەمواربکرێتەوە، چونکە زۆر ئەستەمە لەسەر یاسایەکی نوێ بگەنە رێککەوتن".
موحسین سەعدوون، سەرۆكی پێشووی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، کە بەشداربوویەکی دیکەی بەرنامەکە بوو، لەسەر هەمان پرس پێیوابوو "ئەستەمە ئەو پرۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمان هەیە بە ئاسایی تێپەڕێندرێت، بەهۆی ئەو ناکۆکییە زۆرەی لەسەر پرۆژە یاساکە هەیە، بەڵام دەکرێت ئەو پرۆژەیاسایەی لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە هاتووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکە رێککەوتنی لەسەر بکرێت و تێپەڕێندرێت، بەڵام دەبێت ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەرامبەر هەموواری ئەو یاسایە هۆشیاربن و ئەو هاوسەنگییە بپارێزن لەنێوان نەتەوە، پێکهاتە، ئایین و مەزهەبەکان کە لەنێو ئەندامانی دادگای فیدراڵی هەیە".
بە بڕوای موحسین سەعدوون، کێشەی سەرەکیی ئەو یاسایە و رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەری "هەبوونی داواکاریی زیادکردنی ئەندامانی دادگاکەیە بە شارەزایانی فیقهی ئیسلامی، لەکاتێکدا لە هەموو وڵاتێک ئەندامانی دادگای فیدراڵی لە کەسانی دادوەر پێکهاتوون".
وادی ئەلشەمەری، شارەزای یاسا، کە ئەویش میوانێکی دیکەی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو، لەسەر هەمان پرس گوتی "ناکۆکییە سیاسییەکان لە پەرلەمان وایانکردووە ئەو یاسایە رێککەوتنی لەسەر نەکرێت یان هەمواری یاسایەکە نەکرێتەوە، چونکە هەمووی پەیوەستە بە پشک پشکێنە، بۆیە پێویست بەوە دەکات لەبری دەرکردنی یاسایەکی نوێ هەمواری یاسا کۆنەکە تێپەڕێنین".
وادی ئەلشەمەری، دادگای فیدراڵی لە عێراق بە پێویستییەکی گرنگ دەزانێت و بە پێویستیشی دەزانێت "لایەنە سیاسییەکان بابەتی تەواوکردنی رێژەی یاسایی دادگای فیدراڵی تەواوبکەن، تاوەکو زۆرێک لەو ئاستەنگانە لاببات، چونکە حکومەت و گەل پێویستی بە دەرکردنی یاسای گرنگ هەیە و ئەو یاسایانەی دەریشدەچن، دەبێت دادگای فیدراڵی پەسندیان بکات".