سێ پڕۆژەیاسای سێ پێکهاتە سەرەکییەکە لە بەرنامەی کاری سبەی پەرلەمانی عێراقدان

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ پرۆژەیاسای جێگەی بایەخ بۆ کورد، سوننە و شیعە لە بەرنامەی کاری سبەی پەرلەماندان. پەرلەمانتارێک دەڵێت، هەموو ئەگەرەکان کراوەن .
 
بڕیارە کاژێر 13:00ـی سبەی یەکشەممە، 01-12-2024 کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات.
 
کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە پێنج بڕگە پێکهاتووە. سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کار و هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی.
 
بڕگەی یەکەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە.
 
بڕگەی دووەم دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانەیە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
 
هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 30-11-2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو سێ پرۆژەیاسایە لیژنە تایبەتمەندەکانیان لە نێو پەرلەمان تەواوکردووە و تەنیا دەنگدانیان ماوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی گوتی: "پێشتر ئەو پڕۆژە یاسایانە چەند جارێک خرانەونەتە بەرنامەی کارەوە بۆ دەنگدان لەسەریان، بەڵام کێشە دروستبوو  دەنگیان لەسەر نەدرا. ئێستاش هەموو ئەگەرەکان لە ئارادان. ئەگەر رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر کرابێت، دەنگیان لەسەر دەدرێت، ئەگەرنا وەک دانیشتنەکانی رابردوو دەبن و دەنگدانیان دوادەخرێت".
 
بڕگەی چوارە و پێنجەمی دانیشتنەکەی پەرلەمان تایبەتە بە خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پرۆژەیاسا کە بریتین لە پڕۆژەیاسای هەمواری پێنجەمی یاسای فڕۆکەوانی مەدەنی ژمارە 148ی ساڵی 1974 و پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای شارە پیشەسازییەکان ژمارە 2ی ساڵی 2019. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە