رووداو دیجیتاڵ
لوبنانییەکانی نیشتەجێی بەسرە دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و سبەی لە رێوڕەسمێکدا بەڕێ دەکرێن.
ماهر عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە بۆ کاروباری کارگێڕی، رۆژی شەممە 30 -11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خێزانە لوبنانییەکانی نیشتەجێی بەسرە پەیوەندیان بە کارگێڕیی پارێزگاکەوە کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
جێگری پارێزگاری بەسرە دەڵێت، سبەی یەکشەممە کارگێڕیی پارێزگاکە رێوڕەسمێکیان بۆ رێکدەخات بە مەبەستی ماڵئاواییکردن لێیان و دواتر بە پاس دەگەیێندرێنە سنووری سووریا.
بەگوتەی ماهر عامری، 422 خێزانی لوبنانی لە بەسرەن کە شوێنی تایبەتیان بۆ دابینکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 25 خێزانی دیکەش چوونەتە ماڵی دۆست و خەڵکی دیکەی بەسرە.
27ى تشرینى دووەمى 2024 رێککەوتنى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و لوبنان کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە. لەو رۆژەوە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرانی لوبنانی بۆ زێدی خۆیان دەستی پێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ