بانگەشەی هەڵبژاردن مامەڵەى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى لە عێراق راگرت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق هەموو مامەڵەیەکى بڕینەوەى مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى بۆ دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان راگرت، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە بەکارهێنانى ئەو پرسە لەلایەن بەربژێرانى رکابەرییەکەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 30ـى تشرینى دووەمى 2023 ، نەجم عیقابى، بەڕێوەبەرى نووسینگەی راگەیاندنى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەى بڕیاریداوە سەرجەم مامەڵەکانى تایبەت بە بڕینەوەى مووچەى چاودێریی کۆمەڵایەتى رابگرن تاوەکو دواى هەڵبژاردن بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانى ئەو دۆسەیەیە لەلایەن بەربژێرانەوە. 
 
لە رۆژی 1ـی تشرینى دووەمەوە بانگەشەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق دەستیپێکردووە، بڕیارە دەنگدانەکە لە 18ـى کانوونى یەکەم بکرێت.
 
نەجم عیقابی ئاماژەى بەوەش کرد، دەرکردنى (کى کارت)ـى ئەلکیترۆنى تایبەت بە وەرگرتنى ئەو مووچەیە و مامەڵەى ئەو کەسانەى کە مووچەکە دەیانگرێتەوە لەگەڵ گەڕان و سەردانى تیمەکانى ئەو وەزارەتە بۆ لاى خێزانەکان رادەگیرێت، بەڵام ئەوانەى پێشتر کارتى وەرگرتنى موچەکەیان وەرگرتووە، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
 
رۆژی 29ـى تشرینى دووەمى 2023، میدیاى فەرمیى عێراق هۆشدارییەکى حکومەتى بڵاوکردەوە لەبارەى "فریودانى هاووڵاتییان" بەوەى کە لە بەرامبەر رادەستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی، بەڵێنیان پێ دراوە مووچەی چاودێریى کۆمەڵایەتییان بۆ ببڕدرێتەوە. داواشی کرد، ئەو کەسانەی رووبەڕووى ئەو داواکارییە بوونەتەوە ئاگاداریان بکەنەوە و بەڵێنى ئەوەشی دا، رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەوانە دەگرنەبەر کە ئەو کارەیان کردووە.
 
29ـى تشرینى دووەمى 2023، حەسەن ئەبو مەسار، راوێژکارى یاسایی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کەسانێک هەن بەڵێنى بڕینەوەى مووچەى چاودێریی کۆمەڵایەتى بەکاردەهێنن بۆ فریودانى دەنگدەران."
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیی عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان مووچەى چاودێریی کۆمەڵایەتى وەرگرن کە دەکاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس.
 
مووچەى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەگاتە زیاتر لە 400 هەزار دینار؛ ئەو کەسانەى دەیانگرێتەوە بریتین لە هاووڵاتییانی کەمدەرامەت، نیڤشکان، بێوەژنان و گەنجانی بێکار.