رووداو دیجیتاڵ
رێبەرى رەوتى سەدر داوا دەکات بە تووندوتیژى و کوشتن دژایەتیى دیاردەى "کۆمەڵگەى میم" نەکرێت کە مەبەست لێى هاوڕەگەزخواز و جووت رەگەز و ئەوانەن کە رەگەزى خۆیان گۆڕیوە. دەشڵێت: "پێویستە بە هەڵمەتى هۆشیارى رووبەڕووى ئەو بەڵا خواییە ببینەوە".
رۆژی 30ى تشرینى دووەمى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر لە تویتێکدا روونکردنەوە دەدات لەبارەى چۆنێتیى رووبەڕووبوونەوەى دیاردەى "کۆمەڵگەى میم" کە مەبەست لێى ئەو کەسانەن کە هاوڕەگەزخواز و جووت رەگەز و ئەوانەن کە رەگەزى خۆیان گۆڕیوە.
موقتەدا سەدر داوا لە پیاوان و ژنانى موسڵمان دەکات لە سەرانسەرى جیهان یەکبگرن بۆ رووبەڕووبونەوەى "کۆمەڵگەى میم" بەبێ پەنابردن بۆ تووندوتیژى و کوشتن و هەڕەشە، لە رێگەى هۆشیارکردنەوە و رێگەى رەوشتى بە لۆژیک لە رێگەى گوتە و کردەوە و بڵاوکراوە و تویتەکانیان لە ماڵەکانیاندا یان قوتابخانە و فەرمانگەکانیان و پێشاندانى تووڕەیی و بێزاربوونیان لە کردەوە و هەڵسوکەوتیان بەشێوەیەکى رێکخراو بۆ ئەوەى رێگرى بکرێت لەوەى کە بە "بەدڕەوشتى"، ناوى بردووە.
موقتەدا سەدر ئاماژەى بەوەش داوە کە دەبێت ئەو دژایەتیکردنە ببێتە هۆى رێگرى لە بڵاوبوونەوەى ئەوەى بە "بەڵاى خودایی" ناوى بردووە.
رۆژی 24ى تشرینى دووەمى 2022، محەممەد ساڵح عێراقى، وەزیرى موقتەدا سەدر گوتارێکى ئەو رێبەرەى لەبارەى هاوڕەگەزخوازان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، ئەو پاڵپشتییەى لە هاوڕەگەزخوازان دەکرێت لە جیهاندا، بەتایبەت لەلایەن بەریتانیا و ئەڵمانیاوە، پێشتر "وێنەى نەبووە"، تەنانەت زیاتر لە ئۆکراینا پاڵپشتییان لە هاوڕەگەزخوازان کردووە کە بەهۆى ئەو جەنگەى تێیکەوتووە زۆرینەى وڵاتانى ئەوروپا تووشی کەمبوونەوەى وزە و قەیرانى ئابووریى بوون و دەستبەردارى دۆسیەى بەبیابانبوون و پیسبوون و خراپبوونى ژینگە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ