ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی قبووڵکردنی بەشێک لە تانەکان، بەربژێرە براوەکانی پێنج کورسیی پەرلەمانی عێراق گۆڕان، بۆیە دوو کورسیی پەرلەمان، کە پێشتر بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و نەینەوا بەدەستیانهێنابوون بەهۆی تانەکانەوە درانە بەربژێرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە 30/11/2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی قبووڵکردنی بەشێکی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون بەربژێرە براوەکانی پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق گۆڕان و ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیێندرێت".
 
بەپێی سەرچاوەکەی کۆمیسیۆن ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەم شێوەیەن:
 
1- لە (بازنەی سێی هەولێر هەرێم کەمال ئاغا، بەربژێری یەکێتی لە بری لەیلا ئەکرەم سەعید، بەربژێری پارتی سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا.
 
2- لە بازنەی دووی نەینەوا رۆنزی زیاد سیدۆ، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بری عەبدولسەلام شەعبان محەممەد بەرزنجی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
3- لە بازنەی دووی کەرکووک غەریب عەسکەر نەقی، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح لەبری سەوسەن عەبدولواحید شاکر، بەربژێری بەرەی تورکمانی عێراق سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا.
 
4- لە بازنەی چواری بەسرە رەفیق هاشم شناوە، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح لە بری هەیسەم عەبدولجەبار محەممەد، بەربژێری سەربەخۆ سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
 
5- لە بازنەی شەشی بەغدا خالید عوبەیدی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم لە بری عەباس حوسێن ساڵح، بەربژێری هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا.
 
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسیان بەدەستهێناوە، بەڵام دوای تانەکان ژمارەی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە.
 
هەروەها هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح، کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە و بەهۆی قبوڵکردنی تانەکانەوە ژمارەی کورسییەکانی فەتحیش زیادی کرد، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردبووەوە، بەڵام دوای تانەکان کورسییەکیان لە دەستدا.